رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی دابەزی بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا بەهۆی گرژییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل و غەززە و نیگەرانی لە پەرەسەندنی ئەو شەڕە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
لەلایەکی دیکە، هەرچەندە نرخی زێڕ رۆژی هەینی بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا نرخی کانزای زەرد دابەزی بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا.
نرخی نەوتی برێنت 54 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 78 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 67 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 73 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 0.5٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەرێژەی 1٪ بەرزبووەوە.
خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری چین لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوو گومانی دروستکردووە لەسەر خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو.
باب یاوگر، بەڕێوەبەری بەشی وزە لە بانکی میزۆگو کە سێیەم بانکی گەورەی ژاپۆنە رایگەیاند، " ئەم هەفتەیە بازاڕی بۆرسەی چین دابەزی بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا."
یاوگر دەڵێت، ئەمە هێمایە بۆ ئەوەی لە 2024دا لانیکەم خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت هێندە بەرزنابێتەوە کە ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
سەرەڕای ئەوەش ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەم هەفتەیەدا.
لە ئەمریکا هێشتا بەرهەمهێنانی رۆژانە 700 هەزار بەرمیل نەوت بەهۆی دابەزینی ئاستی پلەکانی گەرما پەکی کەوتووە و نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 2029 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رۆژی هەینی نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بەرێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ 2029 دۆلار، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا بەرێژەی 1٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە رۆژی هەینی نرخی زێڕی بەرزکردەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا هێشتا پێنوێنی دۆلار بەڕێژەی 1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بارێت مەلەک، بەڕێوەبەری بەشی کانزاکان لە کۆمپانیای راوێژکاری تی دی سیکیۆریتی رایگەیاند، "بازرگانانی زێڕ پێشتر چاوەڕوانیان دەکرد، کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە مانگی 3وە دەستپێبکات، بەڵام هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئاشکرابوونی داتاکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا و هەڵاوسان گومانەکان زیادبوون لەسەرئەوەی بانکی ناوەندیی لەو کاتەدا سوودی بانکی دابەزێنێت".
ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.
