رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دی ئین ئۆی نەرویجی دەڵێ، لە 9ی نیسانی 2026ەوە دەستیان بە کارەکانیان لە هەردوو کێڵگەی نەوتی پیشخابوور و تاوکی لە پارێزگای دهۆک کردووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکان لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا بۆ 39 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، کارەکانیان راگرت.
کۆمپانیای دی ئین ئۆ لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا رۆژانە 39 هەزار و 600 بەرمیل نەوتی لە کێڵگەکانی تاوکی و پیشخابوور بەرهەمهێناوە، لە کاتێکدا لە چارەکی چوارەمی 2025دا ئاستی بەرهەمهێنانی 57 هەزار و 951 بەرمیل بووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە کانوونی یەکەمی 2025 و کانوونی دووەمی 2026 دا دوو بیری نەوتییان ئامادەکرد بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و کارەکانیان تەواوکراوە، بەڵام جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کارەکانی بەرهەمهێنانیان لە 28ی شوبات 2026ەوە راگرت.
لە راپۆرتی کۆمپانیاکەدا ئاماژە بەوەکراوە، نەوتی بەرهەمهێنراو (پشکی کۆمپانیاکە) لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا بە نێوخۆ و هەر بەرمیلەی بە 31 دۆلار فرۆشراوە.
بەپێی راپۆرتەکە لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان و بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرتووە. لە 9ی نیسانەوە کۆمپانیاکە کارەکانی لە کێڵگەکان دەستپێکردووەتەوە و بەردەوامە لە کارکردن لەو ئەو هەشت بیرە نوێیەی بۆ زیادکردنی کۆی بەرهەمهێنان نەوت لە هەردوو کێڵگەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ