رووداو- هەولێر
گوژمەی رێگەی 100 مەتریی سلێمانی 400 ملیار دینارە و کۆمپانیای جێبەجێکار تاوەکو ئێستا 185 ملیاری خەرجکردووە، بەڵام تەنیا 35 ملیاری وەرگرتووە؛ لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەدا پێشتر 750 ئامێر و دوو هەزار کەس رۆژانە 16 کاژێر کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی پارەوە کارکردن لە پڕۆژەکەدا نیمچەوەستاوە.
رێگەکە ستراتیژییە چوار سایدە، دووانیان پانییان 21 مەترە و دووانەکەی دیکەیان پانییان 10 مەترە؛ بلوارەکانیش پانی یەکێکیان 12مەترە و ئەوی دیکەیان حەوت مەترە؛ لە کۆی 34 کیلۆمەتر، 20 کیلۆمەتری ئامادەیە بۆ قیڕکردن؛ قیڕکردنەکە 120 ملیاری پێویستە.
لە پڕۆژەکەدا چەندین بڕگەی ئەندازیاریی سەرنجراکێش هەن؛ بۆ نموونە، پردێکی تێدایە پانییەکەی 400 مەترە و درێژییەکەشی 500 مەترە و تەنیا خۆی 20 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
کۆمپانیای جێبەجێکار 50٪ی پڕۆژەکەی تەواو کردووە، بەڵام تەنیا 20٪ی شایستە داراییەکانی بۆ خەرجکراوە.
کۆمپانیای چێبەجێکار کە قەیوانە دەڵێت: "تەنیا کێشەی پڕۆژەکە پارەیە". ئەندازیار شاباز سدیق، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای قەیوان بە رووداوی راگەیاند، بۆ یەک رۆژیش کارکردن لە پڕۆژەکە نەوەستاوە، ئەگەر بەهۆی کەشوهەواوە نەبووبێت.
دوو کارگەی قیڕ ئامادەکراون کە دەتوانن هەر کاژێرێک 320 تۆن قیڕ بەرهەمبهێنن. دەبوو لە مانگی ئایار دەست بە قیڕکردن بکرایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە ئەو کارە دواکەوتووە.
ئەندازیار ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، حەوت یەکتربڕ لە پڕۆژەکەدا هەن و کارکردن لە پێنجیان تەواو بووە.
کێشەیەکی گەورەی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە گوژمەی ئێستای 400 ملیار دینارە، بەڵام لە ساڵی 2012دا بە 470 ملیار دینار درا بە کۆمپانیا تورکییەکان.
کاتێک لە ساڵی 2021دا کە کۆمپانیا دەستیکرد بە کارکردن تێیدا، لیترێک گاز بە 380 دینار بووە، بەڵام ئێستا لیترێک بە 1000 دینارە؛ ئەو کات یەک تۆن شیش بە 400 دۆلار بوو، بەڵام دواتر بووە 900 دۆلار؛ قیڕ تۆنی بە 180 دۆلار بوو و ئێستا بە 500 دۆلارە؛ بۆیە شابازسدیق دەڵێت، بە 700 ملیاریش تەواو نابێت.
کێشەیەکی سەرەکیی دیکەش جیاوازیی بەهای دینار و دۆلارە کە جیاوازییەکەیان 20.83یە، واتە ئەگەر خەرجی بەشێک 100 دۆلار بێت، دەبێت ببێت بە 120.8 دۆلار.
ئەندازیار ئەبوبەکر تەیب دەڵێت: "ئەگەر کارکردن لەم پڕۆژەیەدا بوەستێت، کارەساتی گەورە بەڕێوەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ