رووداو- هەولێر
وەزیری وزەی توركیا رایدەگەیەنێ، بەهۆی هێرشی چەكدارانی نەناسراو بۆ سەر بۆڕییە نەوتییەكانی نێوان عێراق و توركیا، ئەو بۆڕییانە كەڵكی بەكارهێنانیان نەماوە و پێویستیان بە نوێكردنەوەیە.
تانەر یڵدز، وەزیری وزەی توركیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەهۆی هێرشی چەكدارانی نەناسراو بۆ سەر ئەو بۆڕییە نەوتییانەی نەوتی خاو لە شاری كەركووك بۆ بەندەری جیهانی توركی دەگوازنەوە، كەڵكی بەكارهێنانیان نەماوە و پێویستیان بە نوێكردنەوە هەیە".
تانەر یڵدز دەڵێت، ئەمە زیانێكی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو بۆڕییە نەوتییانەی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراقدان و پێشتر رۆژانە یەك ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، بەڵام ئێستا بڕێكی زۆر كەمتر لە بڕی جاران بەرهەمدێنن.
بۆیە، وەزیری وزەی توركیا پێشنیاری نوێكردنەوەی ئەو بۆڕییە نەوتییانە دەكات، كە لە كەركووكەوە نەوت دەگوازنەوە بۆ بەندەری جیهانی توركی.
زۆرجار بەهۆی هێرشی چەكدارانی نەناسراو بۆ سەر ئەم بۆڕییە نەوتییانە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆڕی نەوتی كەركووك ـ جیهانی توركی بۆ ماوەی چەند رۆژێك دەوەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ