رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە گرێبەستی ئەو 150 هەزار پلە وەزیفییەی لە بودجەی سێ ساڵەدا جێگیرکراون هەڵوەشێندرابێتەوە و دەڵێت، کێشەکە تەنیا پەیوەندی بە نەناردنی زانیارییەکانی پارێزگای کەرکووکەوە هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی نیسانی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان دەکەن "نادروستن." راشیگەیاند، "فەرمانگەی بودجە چاوەڕێی خشتە و زانیارییەکانی پارێزگای کەرکووکە کە پێشتر داوای کردبوون و تاوەکو ئێستا رەوانە نەکراون."
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، پشکی کەرکووک لە دامەزراندنی 150 هەزار کەس بەشێوەی گرێبەست، حەوت هەزار و 304 کەسە. ئەو گرێبەستانە جگە لە کەرتی پەروەردە، سەرجەم کەرتەکانی دیکە دەگرێتەوە و چەند پێوەرێکیان بۆ دانراوە، لەوانە: پێویستیی دامەزراوەکان و رێژەی دانیشتووانی قەزا و ناحیەکان.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "فەرمانگەی بودجە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی پارێزگای کەرکووک کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی ئەو حەوت هەزار و 304 گرێبەستە و داوای کردووە بنەمای یاسایی دامەزراندنیان، تەواوی فەرمانە کارگێڕییەکان و رێکەوتی دەستبەکاربوونیان بۆ بنێردرێت، تاوەکو وردبینییان بۆ بکرێت و لەگەڵ یاسا و رێنماییەکاندا بەراورد بکرێن."
سەرچاوەیەک لە پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت، "لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رێگری کرا لەوەی ناوەکان رانەگەیێندرێن، ئەو دامەزراندنەش لەسەر بودجەی ساڵانی پێشوو بوو، عێراق بۆ بودجەی 2026 رووبەرووی قەیرانی دارایی بووەوە و دواکەوت."
وەزارەتی دارایی دووپاتیدەکاتەوە کە پابەندە بە تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی تایبەت بەو گرێبەستانە، بەو مەرجەی پارێزگای کەرکووک زانیارییە یاساییە داواکراوەکان رەوانە بکات. هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەریی دەنگۆکان و تەنیا پشت بە سەکۆ فەرمییەکانی وەزارەت ببەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ