ئەمریکا دەستی بە سەر کەشتیی (تیفانی) دا گرت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێک لە زەریای هیندی، دەستیان بە سەر کەشتییەکی هەڵگری نەوتی خاودا گرت کە سزای لەسەرە. ئەم کەشتییە ناوی تیفانییە و وەک بەشێک لە (کەشتیگەلی سێبەر)ی ئێران دەبینرێت.
 
بەپێی داتاکانی بنکەی زانیاریی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، کەشتی تیفانی لە ساڵی 2003 دروستکراوە و تاوەکو ئێستا چوار ناوی جیاوازی گۆڕیوە. ئەم کەشتییە بە ئاڵای چەندین وڵاتی وەک مالیزیا، تەنزانیا، کامیرۆن، پەنەما و پالاو کاریکردووە، بەڵام ئێستا هیچ ئاڵایەکی فەرمی نییە. پێنتاگۆن لە کاتی راگەیاندنی دەستبەسەرداگرتنەکەیدا کەشتییەکەی بە "بێ وڵات" ناوبرد.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ناونیشانی خاوەنی کەشتییەکە لە وڵاتی سورینام لە ئەمریکای باشوور تۆمارکراوە، بەڵام ناونیشانی بەڕێوەبەرە بازرگانییەکەی لەنێو نووسینگەیەکی کۆمپانیای )وی وێرک)ـە لە شاری مومبای لە هیندستان. ئەم جۆرە ناونیشانانە زۆرجار لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەوە بەکاردێن کە دەیانەوێ ناسنامەی راستەقینەی خۆیان بشارنەوە بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
 
داتاکانی کەشتیوانی نیشانی دەدەن، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە 28ـی شوبات، تیفانی لە نزیک کەناراوەکانی عومان و ئیمارات بووە. لە رۆژی 10ـی نیساندا، واتە سێ رۆژ بەرلە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، تانکەرەکە کەنداوی عومانی جێهێشتووە. رۆژی سێشەممە، داتاکانی پێگەی (مەرین ترافیک) دەریانخستووە، کەشتییەکە لەنێوان سریلانکا و ئیندۆنیزیادا بووە.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا وەک بەشێک لەو بڕیارە نوێیەی واشنتن دێت کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا رایگەیاند، ئەویش رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو کەشتییانەیە کە لە دەرەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یارمەتی ئێران دەدەن. ئەم کەشتییانە کە بە (کەشتیگەلی تاریك) ناسراون، سیستمی چاودێریی خۆیان دەکوژێننەوە یان سیگناڵی ساختە دەنێرن تاوەکو، وەک بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، نەوتی ئێران بە قاچاخ بگوازنەوە.
 
ئەمە یەکەمین هەنگاوی لەو شێوەیەی ئەمریکایە لە دەرەوەی سنوورە ئاوییەکانی ناوچەکە لەو کاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە