دراوى ئەلیکترۆنى کێشە دەخاتە نێوان کۆمەڵ و یەکگرتوو

23-01-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بیتکۆین وەن کۆین دراوی ئەلیکترۆنی
A+ A-
رووداو - هەولێر

ئیسلامییەکانى کوردستان بازاڕی مامەڵەکردنیان بە دراوى ئەلیکترۆنى گەرم کردووە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، ئەوان وەک چۆن لە مەرجەعە فیکری و فیقهییەکانیاندا جیاوازن و لە هەمان سەرچاوە ئاو ناخۆنەوە، لە دراوی ئەلیکترۆنیشدا کە هێشتا بەشی هەرە زۆری خەڵک شتێکی ئەوتۆی لێ تێناگەن، بەسەر دوو دراوی جیاوازدا دابەش بوون. نەک هەر ئەوە، تەنانەت لایەنگرانیان هێرش دەکەنە سەر دراوی یەکدى و گومانی لەسەر دروست دەکەن و لە بەهاى کەم دەکەنەوە.

دراوی گریمانەیی یان دراوی ئەلیکترۆنی جۆرێکى دراوە کە لەڕێگەی کۆمەڵێک پرۆتۆکۆڵی ئینتەرنێتەوە دروستدەبن.
ئامانج لە داهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان کەمکردنەوەی رۆڵی بانکەکانە لە مامەڵە داراییەکانی نێوان خەڵکدا. بەشێوەیەکی گشتی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر سیستمێک دروست دەبن کە پێیدەگوترێت بلۆک چەین.

لەدوای فراوانبوونی بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا، لە هەرێمی کوردستانیش بەکارهێنەرانی خەریکە روو لە زیادبوون دەکات. دراوی ئەلیکترۆنی رکابەرییەکی سەختیشی دروستکردووە لە نێوان بەکارهێنەرانی، بەتایبەتیش لە نێوان بەکارهێنەرانی بیتکۆین و وەن کۆین کە دوو دیارترین دراوی ئەلیکترۆنین.

بیتکۆین لە ساڵی 2009 لەلایەن کەسێکەوە بەناوی ساتۆشی ناکۆمۆتۆ دروستکرا، سەرەتا نرخی هەر بیتکۆینێک تەنیا 0.003  دۆلار بوو، بەڵام ساڵى رابردوو نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە 19 هەزار دۆلار.

بازرگانان دەتوانن بە سێ جۆر مامەڵە بە بیتکۆینەوە بکەن، رێگەی یەکەم ئەوەیە کە خۆیان ببنە خاوەنی بیتکۆین و لەسەر کۆمپیتەرەکەیان هەڵیبگرن، یان بیخەنە سەر هاردێک و لە کۆمپیتەرەکەی داببڕن بۆ ئەوەی ڤایرۆس لە کۆمپیتەرەکە نەدا و بیتکۆینەکان نەدزرێن، چونکە کۆمپانیا هەیە ڤایرۆس دروستدەکات تەنیا بۆ دزینی بیتکۆین.

رێگەی دووەم ئەوەیە کە بەهۆی کۆمپانیا نێوەندگیرەکانەوە کە بە (واڵێت) ناسراون مامەڵە بە بیتکۆینەوە بکەیت، ئەوەش لە رێگەی دروستکردنی ئەکاونتێک دەبێت لەلای ئەو کۆمپانیایە، پاشان پارەدارکردنی ئەکاونتەکە یان هەژمارەکە لەڕێگەی بانکەوە، وەک پارەدان لەڕێگەی ماستەرکارد یان ڤیزە کارد یان بانکە ئەلیکترۆنییەکان وەک پەیپاڵ و پێرفێکت مەنی و وێپ مەنی، پاشان کە پارەکە دەچێتە سەر هەژماری کەسەکە، دەتوانێت لەو کۆمپانیایە بیتکۆینێک بکڕێت. رێگەی سێیەم ئەوەیە بەهۆی کۆمپانیاکانی فۆڕێکسەوە مامەڵە بە نرخی بیتکۆینەوە بکەیت.

بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سیستمی بانکیی پێشکەوتوو نییە و بەربەستێکی زۆر هەیە لەبەردەم چوونە دەرەوەی پارە و بانکی ئەلیکترۆنی نییە، خوازیارانی بەکارهێنەرانی پارە ئەلیکترۆنییەکان زەحمەتییەک دەبینن لەکاتی حەواڵەکردنی پارە بۆ کڕینی بیتکۆین یان هەر دراوێکی ئەلیکترۆنیی دیکە، بۆیە ئێستا کۆمپانیاى تایبەت بەو بوارە دامەزرێنراون کە دراوى ئەلیکترۆنى بۆ هاووڵاتیان دەکڕن. کورد کۆین یەکێکە لەو کۆمپانیایانە.

مامەڵەکردن بەو جۆرە دراوانە لە نێو ئیسلامییەکانى کوردستان بە تایبەتى یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی رەواجى زۆری پەیدا کردووە، لایەنگرانى هەردوولاش بەسەر دراوەکاندا دابەشبوون، بۆ نموونە لایەنگرانى یەکگرتوو مامەڵە بە دراوى وەن کۆین دەکەن، بەڵام لایەنگرانى کۆمەڵ بە بیتکۆین.

ئێستا شەڕى یەکگرتوو و کۆمەڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو دراوە ئەلیکترۆنیانە گەرمە و هەردوولا دراوەکانى یەکدى بێ بەها دەکەن، شەڕەکە گەیشتە ئەو راددەیەى سەلاحەددین بەهائەدین ئەمیندارى گشتیى یەکگرتوو روونکردنەوەى لەسەر بدات.

ئەمیندارى یەکگرتوو لە روونکردنەوەکەدا کە رۆژى 2/1/2018 بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "ماوەیەکە گفتوگۆ لەسەر بابەتی (بیتکۆین) و (وەن کۆین) دەکرێت، کە گوایە کاسپییەکە لەناو یەکگرتووەکاندا رەواجی پێدەدرێ. راشکاوانە رایدەگەیەنین، بەهیچ جۆرێک دوور و نزیک ئەم بازرگانییە وەهمی و ناڕوونە، پەیوەندی بە حیزبەوە نییە، ئێمەش لە زاری خەڵکەوە بیستوومانە کە کەسانێک تووشبوون و مومارەسەی دەکەن و، بازاڕی بۆ گەرم دەکەن". ئەمیندارى یەکگرتوو ئامۆژگارى ئەندامانى حیزبەکەى دەکات "خۆیان بەم کاسبییە وەهمییەوە خەریک نەکەن".

بابان عەبدولواحید ئەدمینى سەرەکیى کورد کۆینە و برازاى عەلى باپیر، ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامیى کوردستانە. کۆمپانیاى کورد کۆین کڕین و فرۆشتن بە بیتکۆین دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە نازانن چۆن ببنە خاوەنی بیتکۆین، لەبەرامبەریشدا کۆمپانیاکە بە نرخێکی گرانتر بیتکۆینەکە بە هاووڵاتیان دەفرۆشێ، جیاوازیی نێوان نرخی بیتکۆین لە بازاڕدا و  ئەو نرخەی کە کۆمپانیاکە دەیفرۆشێت بە خەڵکی ، دەبێتە قازانجی کۆمپانیاکە. ئەمەش کەسانی نزیک لە مامۆستا عەلی باپیر و بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵی هانداوە کە بیتکۆین بکڕن و ببنە خاوەنی بیتکۆین و لەهەمانکاتدا دژی وەن کۆین بوەستنەوە.

بەکارهێنەرانى بیتکۆین هێرشی توند دەکەنە سەر دراوى وەن کۆین کە لەلایەن یەکگرتووەکانەوە مامەڵەى پێوەدەکرێ. ئەوان دەڵێن وەن کۆین هیچ بنەمایەکی نییە و دراوێکی ساختەیە. تەنانەت لەسەر بلۆک چەینیش دروست نابێت و ناشکرێتەوە بە پارە و خەڵکی پێ هەڵخەڵەتێنراوە، بەڵگەش لەسەر ئەوە، ئەوەتا ئیگۆر ئەلبێرت کە یەکێک لە (لیدەرە) چالاکەکانی وەن کۆینە، دەستی لەکار کێشاوەتەوە، ماوەیەکی زۆریشە دکتۆرە روژا کە بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای وەن لایڤە کە وەن کۆین و وەن ئەکادیمی لەخۆدەگرێت، لە میدیاکان دەرناکەوێت.

لەبەرامبەردا بەکارهێنەرانی وەن کۆین کە بەشێکیان لە ئەندامانی یەکگرتوون، بەهۆی ئەوەی عادل نوری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کادیرى باڵاى پێشووى یەکگرتوو، پلەیەکی باڵای هەیە لە وەن کۆیندا. وەڵامی ئەندامانی کۆمەڵ دەدەنەوە بەوەی کە ئەگەرچی وەن کۆین تا ئێستا ئاڵوگۆڕی نییە (ئێکس چەینجی نییە و نابێتەوە بە پارە) بەڵام لە 8 ی ئۆکتۆبەری 2018 دەچێتە بۆڕسەوە و ئەوکات دەتوانیت کۆینەکانت بکەیتەوە بە پارە.

هۆمەر پەلکانە، شارەزاى بۆرسە و یەکێک لە بەکارهێنەرانى وەن کۆین دەڵێت: "لە وەن کۆیندا هەژماری مامەڵەکاران بەم دراوەوە دیارە، بە پێچەوانەی بیتکۆینەوە کە هەژماری کەسەکە دیار نییە و دەتوانرێ بۆ شووشتنەوەی پارە و چەندین کاری نایاسایی بەکاربهێنرێ".

سەبارەت بە وازهێنانى ئیگۆر ئەلبێرت، هۆمەر دەڵێ "ئیگۆر داوای کۆمەڵیک ئیمتیازاتی زیاتری کردووە لە کۆمپانیای وەن لایڤ، بەڵام کۆمپانیای وەن لایڤ رازى نەبووە". هۆکارێکی دیکەی دەستلەکارکێشانەوەی ئیگۆر بە گوتەى هۆمەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیگۆر لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا دراوێکی ئەلیکترۆنی بەرهەم دەهێنن و ئێستا سەرقاڵی دۆزینەوەی کڕیارن بۆ ئەو دراوە نوێیە.

بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 3 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان مامەڵە بە وەن کۆین دەکەن. بەپێى زانیارییەکانى رووداویش لە کوردستان نزیکەى 3000 بەکارهێنەرى بیتکۆین و 500 بەکارهێنەرى وەن کۆین هەن.

هۆمەر ئاشکراى دەکات بەکارهێنەرانى بیتکۆین لە ماوەى رابردوودا تووشى زیان بوون و دەڵێت: "فرۆشیارانی بیتکۆین واتا لایەنگرانی مامۆستا عەلی باپیر لە ماوەکانی رابردوودا کاتێک کە نرخی بیتکۆینێک گەیشتبووە 19000 دۆلار، بیتکۆینیان بۆ خەڵک کڕیوە و ئێستا ئەو بیتکۆینە نرخەکەی تەنیا 11 هەزار دۆلارە، بەو شێوەیەش زیانێکی زۆریان لە خەڵک داوە". ئێستا لایەنگرانی هەردوولا هەوڵ دەدەن کەلێنێک لەلایەنی بەرامبەر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هێرشى بکەنە سەر.
 



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە