هەموو شتێك لەبارەی بەندەری جەیهان

23-11-2015
رەسەن رەمزی
...
...
نیشانەکردن جەیهان نەوت
A+ A-

رووداو - ئەدەنە

لەگەڵ ئەوەی جەیهان خاوەن مێژوویەکی کۆنە لەگەڵ ئیمراتوریەتەکانی ئاشووری،  فینیقی، رۆم، بیزانس و عوسمانی بەڵام خەڵكی كوردستان جەیهان بەمێژووەکەی ناناسنەوە، بەڵکو بە بەندەرێکی گواستنەوەی نەوتی باشووری کوردستان بۆ جیهان، دەیناسن.


بەندەرەكە لە مانگی ئابی ساڵی 1974 لەلایەن کۆمپانیای بۆتاش دروستکراوە، کە ئەرکی گواستەنەوەی نەوتی عێراق و باشووری کوردستانی لەئەستۆیە. لەڕێگەی دوو بۆری 40 ئینجی و 46 ئینجی، نەوتی عێراق و باشووری کوردستان دەگاتە ئەو بەندەرەوە.

مەحمود بەهار، بەڕێوەبەری بۆتاش لە جەیهان دەڵێت " لەنێو خاکی تورکیا بە درێژایی 650 کیلۆمەتر ئەرکی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهان وعەمبارکردن و بارکردنی لە کەشتییەکان لە ئەستۆی ئێمە دایە".

بەڕێوەبەری بۆتاش باس لەوە دەكات، هەر لە سلۆپیەوە تاکو مەراش لەوێشەوە تاکو بەندەری جەیهان دوو بۆری 40 ئینجی و 46 ئینجی هەیە بۆ گواستنەوەی نەوت. 

بەندەری جەیهان لە رووی قەبارەوە خاوەنی 12 تانکە کە هەریەکەیان توانای عەمبارکردنی 135هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.

مەحموود بەهار ، ئاماژە بەوە دەكات توانای تەکنیکیان بەپێی ستانداردی جیهانییە، بەڵام لە 30%ی تواناکانیان بەکاردەهێنین لە گواستنەوەی نەوت بۆ ئەو بەندەرە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نەوت بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ لە عێراقەوە رەوانەی بەندەرەكە دەكرێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری بۆتاش "ئێستا رۆژانە نزیکەی 650 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە دێت".

بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی تورکیا، رۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی کەرکووک ـ جەیهان دەگاتە ئەو بەندەرە.

بەندەری جەیهان تاکە رێگایە کە ئێستا باشووری کوردستان نەوتی پێدا هەناردە دەکات بۆ بازاڕەکانی جیهان.

لەئەگەری زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن باشووری کوردستان، ئەو کۆمپانیایە ئامادەیی خۆیان و بەندەرەکە نیشان دەدات بۆ پێشوازیکردنی لە زیادکردنی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

گوندنشینانی دەوروبەری ئەو بەندەرە زیاتر بە کشتوكاڵەوە سەرقاڵن، ئەگەرچی رۆژانە بە سەدان هەزار بەرمیل نەوت بەسەر پشتی ئەوان دا دەڕوات، بەڵام هیچ لە خێر و بێرەکەیان نەبینیوە، ئەوان تەنها دڵیان بەوە خۆشە کە هەڵی کاریان بۆ رەخساوە لەلایەک و، لەلایەکی دیکەوە زەوی و زارەکانیان بەبۆنی بوونی ئەو بەندەرەوە رۆژ بەرۆژ بەهای لە بەرزبوونەوەدایە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە