پێشنیاز دەکرێت سفرى سەر دیناری عێراقی لابدرێت

24-04-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"کەمیی پارەى نەختینە" شەش مانگ خشتە و هەموارى یاساى بودجەى عێراقى دواخستووە، بۆ راکێشانەوەى پارەى هاووڵاتییان بۆ حکومەت، پێشنیازکراوە سفرى دینار لابدرێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند بەگوێرەى یاسای کارگێڕیی دارایی، دەبوو بەر لە شەش مانگ خشتە و هەموارى بودجە بگەیشتایەتە لیژنەکەیان، بەڵام "دیار نییە کەى دەگات." 
 
لەو هەنگاوەدا هەموارى بڕگەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستانیشی تێدایە، لەگەڵ خەرجیی حکومەت بۆ ساڵى 2024، ئامادەکردنى خشتەکە لە وەزارەتى دارایی عێراق تەواو بووە و نێردراوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران.
 
جەمال کۆچەر ئاماژەى بەوەدا؛ بەگوتەى وەزیرى دارایی، درەنگکەوتنەکە بەهۆى کەمیی پارەى نەختینەوە بووە.
 
بودجەى ئەم ساڵ زیاتر لە 80 تریلیۆن دینار کورتهێنانى هەیە، 24 تریلیۆن دینارى لە ساڵى پێش خۆى زیاتر، پێشنیازێک کراوە بۆ ئەوەى پارەى هەڵگیراو لە لەلاى هاووڵاتییان بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت تاوەکو کێشەى کەمیی نەختینە چارەر بکرێت.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی راگەیاند، زۆربەى پارە لاى هاووڵاتییانە و هەڵیانگرتووە. وەزیرى پلاندانان پێشنیازی کردووە سفرى دینارى عێراقى لابدرێت و ماوەیەک دیاریبکرێت بۆ ئەوەى هاووڵاتییان ناچاربن پارەکانیان بگەڕێننەوە بۆ گۆڕینەوەى.
 
بەپێى پێشنیازەکە، لە دواى گەڕانەوەى پارەى هاووڵاتییان، بە هەژمارى ئەلیکترۆنى کارتى بانکى قەرەبوو دەکرێنەوە و دەچێتە سەر هەژمارەکانیان، بەوەش حکومەت پێویستى بە پارەى چاپکراو نابێت.
 
بودجەى گشتیی عێراق نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە و بۆ ماوەى سێ ساڵە، بۆ ساڵى 2023، نزیکەى 144 تریلیۆن دینارى بودجەکە خەرجکراوە.   

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە