رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا بایی زیاتر لە 150 هەزار دۆلار بۆ سپۆنسەرکردنی پۆستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان خەرج کراوە، زۆربەیان بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانن، نزیکەی نیوەی خەرجیی بەربژێران بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و کۆمیسیۆنیش داوای ئاماری خەرجییەکانی بانگەشەی لە مێتا کردووە، چونکە رێنوێنیی بۆ ئاستی خەرجییەکان هەیە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا، کە خاوەندارێتیی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپ دەکات، لە 20ی ئەیلوول بۆ 19ی تشرینی یەکەمی 2025 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 150 هەزار دۆلار بۆ سپۆنسەرکردنی پۆستی سیاسی خەرجکراوە.
کێوان حەسەن، ئەندازیار و شارەزای بواری تەکنەلۆژیا، رۆژی پێنجشەممە 23-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمپانیای مێتا سەرجەم ئەو پۆستانە بە سیاسی هەژمار دەکات کە ئاماژەی سیاسییان تێدایە لە سپۆنسەرکردنی پەیجەوە تاوەکو دەگاتە نێوەڕۆکی پۆستەکان. دواتریش دەکرێنە راپۆرت، لە پێگەی مێتا بەردەست دەبن و هەموو کەس دەتوانێت وەریان بگرێت."
ئەو داتا فەرمییانەی مێتا بڵاویدەکاتەوە، سەرجەم ئەو سپۆنسەرانە دەگرێتەوە کە لە تۆڕەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپ بۆ بابەتی سیاسی خەرج دەکرێن.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ لەنێوان دەرفەت بۆ بەربژێران و بێزاری لە پۆستی سیاسی دا
لە چەند ساڵی رابردوودا مشتومڕێک هەبوو لەسەر زیادبوونی ئەو پۆستانەی نێوەڕۆکیان سیاسییە، رۆژی 20-10-2025 مێتا رایگەیاند، "فرۆشتن و پێشاندانی ئەو پۆستانە رادەگرێت کە نێوەڕۆکیان سیاسییە یان پەیوەستن بە هەڵبژاردن لە سەرانسەری ئەورووپا.''
بڕیارەکە لە 10-10-2025ـەوە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت، کە دوای ئەوە هات یەکێتیی ئەورووپا یاسای کۆنترۆڵ و رێکاری بێگەردی و نەهێشتنی ریکلامی سیاسی - TTPA دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەبێت بە روونی پۆلێنی پۆستەکان بکەن و جیای بکەنەوە، ناوی ئەو کەس و لایەنەش ئاشکرا بکەن کە سپۆنسەر دەکەن، بەتایبەت لە پرسێکی تایبەت بە هەڵبژاردن یان کۆمەڵایەتیدا، جگە لەوەی دەبێت بڕە پارەی خەرجکراویش ئاشکرا بکرێت لەگەڵ چۆنێتیی پێشاندانی پۆستی سپۆنسەرکراو بۆ خەڵکی دیاریکراو، سادەترین و گرنگترین رێکار ئەوەیە، پێش ئەوەی سپۆنسەر بێتە بەردەم بەکارهێنەر، دەبێت رەزامەندییەکەی وەربگیرێت لەگەڵ روونی لە داوای داتای بەکارهێندراوی بەکارهێنەر.
بڕیارەکەی ئەورووپا ناڕەزایەتیی مێتای لێکەوتەوە و بە "هەنگاوێکی هەستیاری ئاڵنگاریی کار و نادڵنیایی" دانا. دەڵێت، بەشێکی ئەو رێکارانەی داواکراون، کار ناکەن و پێویستیان بە دامەزراندنیەتی لە پلاتفۆرمەکاندا، لەگەڵ ئەوەی لە ئەورووپا ریکلامی سیاسی قەدەخە کراوە، بەڵام مێتا دەڵێت، "هێشتا پێشاندانی پۆستی ئاسایی خەڵك لەڕووی سیاسییەوە، رێگەپێدراوە.''
وڵاتان چەند ساڵێکە لە پێشاندانی پۆستی سیاسی و بانگەشەدا خاوەنی کۆمەڵێک رێکارن، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی ئەوتۆ بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە لەڕووی پێشاندانی پۆست و سپۆنسەریدا.
ئەو ئەندازیار و شارەزایەی بواری تەکنەلۆژیا دەڵێت، "تاوەکو ئێستا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان فەیسبووک لە پلەی یەکەمدایە، دواتر تیکتۆک و تۆڕەکانی دیکەش دێن، لەنێویاندا وەتسئەپ بۆ ناردنی نامەی بانگەشە."
لە وەتسئەپ خزمەتگوزارییەک هەیە بە ناوی API، رێگە دەدات یەک ملیۆن نامە لە رۆژێکدا بنێرێت، نرخی بەکارهێنانی ئەم خزمەتگوزارییە نزیکەی 40 هەزار دۆلارە لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە بەربژێران گرێبەستی ئەم خزمەتگوزاریەیان بۆ 10 رۆژی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە.
رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای مێتا کۆبووەوە. بیلال ئەکرەم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یەکێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لەو پرسانەی لەگەڵ کۆمپانیای مێتا تاوتوێ کراوە، پارەدارکردنی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکانە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە."
ئەو دەڵێت، "کۆمیسیۆن داوای کردووە لەبارەی پارەدارکردنی هەڵمەتەکانەوە ئامارێکیان پێبدەن، هەروەها داوای جیاکردنەوەی ئەکاونتى راستەقینەى بەربژێرانیان لە ئەکاونتە ساختەکان کردووە."
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا لە 20ـی ئەیلوول بۆ 19ـی تشرینی یەکەمی 2025 زۆرترین سپۆنسەری پۆستی سیاسی لە ئاستی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی بووە ،لەو ماوەیدا 63 هەزار و 725 دۆلاری تێدا خەرجکراوە.
دوای سلێمانی پارێزگای هەولێر لە پلەی دووەمە و لەو ماوەیەدا 57 هەزار و 505 دۆلار لە سپۆنسەری پۆستی سیاسیدا خەرجکراوە، پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا نا بەڵکو لە ئاستی عێراقیش لە پلەی کۆتاییدان.
لە پارێزگای دهۆک بە بڕی 26 هەزار و 693 دۆلار سپۆنسەری پۆستی سیاسی کراوە، لە هەڵەبجەش بە بڕی 3 هەزار و 12 دۆلار پارە لە سپۆنسەری پۆستی سیاسی خەرجکراوە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا زۆرترینی ئەو پارانە لە ماوەی بانگەشەدا خەرج کراون، بە شێوەیەک لە 13ـی تشرینی یەکەم بۆ 19 تشرینی یەکەم کە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون لە پارێزگای سلێمانی 26 هەزار و 866 دۆلار، لە هەولێر 22 هەزار و 996 دۆلار، لە دهۆک 10 هەزار و 308 دۆلار و لە هەڵەبجە هەزار و 377 دۆلار تەنیا لە حەوت رۆژی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا خەرج کراون.
لە ئاستی پارێزگاکان کێ زۆرترین پارەی لە سپۆنسەردا خەرجکردووە؟
لە 20ـی ئەیلوول بۆ 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە پارێزگای سلێمانی پەیجی بڕیار ڕەشید بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگاکە زۆرترین پارەی لە سپۆنسەری پۆستی سیاسی خەرج کردووە ،لەو ماوەیەدا 2 هەزار و 428 دۆلار بووە.
بڕیار ڕەشید بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لای من سەردانی رووبەڕووی دەنگدەران لە پلەی یەکەمە، بەڵام سۆشیال میدیا یەکێکە لە کەرەستە سەرەکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و گرنگی زۆری پێدەدەین تاوەکو پەیامەکانمان بگاتە دەنگدەران."
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیە بەکارهێنەر دەتوانێت کاردانەوەکانی وەربگرێتەوە، بە گوتەی بڕیار رەشید دەڵێ :"لەم کاتەدا گرنگی زۆر بە کاردانەوەکان دەدەن و سەیری ئامارەکان دەکەنەوە."
هەر لە پارێزگای سلێمانی بەربژێرانی دیکەش لە پێنج پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەدا دەبینێرێن، پەیجی بەکر عەبدوڵڵا بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بڕی 1 هەزار و 695 دۆلاری خەرج کردووە.
بەکر عەبدوڵڵا بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" سۆشیال میدیا لە پلەی یەکەمدایە بۆ بانگەشە کردنم خۆم زیاتر لە 40 ملیۆن دینارم بۆ بانگەشە تەرخان کردووە نزیکەی 35%ـی کۆی خەرجییەکانی بۆ ریکلامکردن لە سۆشیال میدیا دەبێت."
ئەو بەربژێرە تەنیا پەیجی خۆی بۆ ریکلامکردن بەکارناهێنێت بەڵکو چەندین پەیجی دیکەش هەن ریکلامەکانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیان تێدا بڵاودەکاتەوە.
پەیجی رێکەوت حەمەرەشید سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش لە پارێزگای سلێمانی هەر لەو ماوەیەدا 1 هەزار و 439 دۆلاری لە سپۆنسەرکردنی پۆستە سیاسییەکانی خەرج کردووە.
لە 20ی ئەیلوول بۆ 19ی تشرینی یەکەمی 2025، لە پارێزگای هەولێر بەربژێران لە ریزبەندییەکانی خوارەوەدان، لە ریزبەندی یەکەم ئەو پەیجانە هەن وەکو پەیجی میدیای ناسراون.
لە ریزبەندی چوارەم پەیجی کەلدۆ ئۆغانا بەربژێری کۆتایی کریستیان هەیە لە پارێزگاکەکە لە ئاستی بەربژێران لە پلەی یەکەمدایە و بە بڕی هەزار و 271 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە.
پەیجی رێبوار هادی سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بە بڕی هەزار و 148 دۆلار پۆستە سیاسییەکانی خەرج کردووە، دواتریش پەیجی نەبەز مەجید بەربژێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دێت کە بڕی 678 دۆلار بووە.
نەبەز مەجید بەربژێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سۆشیال میدیا یەکێکە لە ئاسانکارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و پەیامەکان بەشێوەیەکی زۆر باش دەگەنە دەنگدەران.
لە پارێزگای دهۆک بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەم و دووەمدان، پەیجی بناس دۆسکی بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگەی دوو هەژمارەوە بە بڕی 5 هەزار و 272 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە.
هەروەها پەیجی ئومێد تاهیر بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پلەی دواتر بە بڕی 596 دۆلار سپۆنسەری پۆستی سیاسی کردووە، ئەوە جگەلەوەی پەیجی پشتیوانانی ئومێد بەرواری کە هەمان بەربژێری پارتییە بە بڕی 770 دۆلار سپۆنسەری پۆستی سیاسی کردووە.
پارێزگای هەڵەبجە لەم هەڵبژاردنەدا هەر بەشێکە لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی بۆیە بەربژێرانی ئەو بازنەیە لە ریزبەندی یەکەمدان، پەیجی بەکر عەبدوڵڵا بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمە و 190 دۆلاری خەرج کردووە، دواتر پەڕەی بڕیار رەشید بەربژێری یەکێتی دێت کە بڕی 117 دۆلاری لە سپۆنسەری پۆستە سیاسییەکانیدا خەرج کردووە.
پەیجی رەوتی هەڵوێست لە پارێزگای هەڵەبجە بە بڕی 108 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کردووە، پەیجەکانی رێبوار کەریم و بەرزی ئەزمەڕ بەربژێرانی رەوتی هەڵوێست و پەیجی رێکەوت حەمەرەشید سەرلیستی یەکێتی لە سلێمانی هەر یەکەی بە بڕی 100 دۆلار پۆستی سیاسییان خەرج کردووە.
بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، مافی دەنگدانیان هەیە.
هەموو ئەو داتایانە لەکاتێکدان بانگەشە شەش هەفتەییەکەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق سێ هەفتە تێپەڕیوە و سێ هەفتە ماوە،چاوەڕێ دەکرێت خەرجییەکانی بانگەشەی بەربژێران لە سۆشیال میدیا زیاتر بێ، بەتایبەت کە وەکو بەشێکی بەربژێران دەڵێن، "باوەڕیان بەوە هەیە لە سۆشیاڵ میدیا دەنگیان دەگاتە هەموو کەسێک.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ