وەزارەتی دارایی: تاوەكو قەیرانی دارایی هەبێت پارە بە حیزبەكان نادرێت

25-01-2015
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن بودجەی حیزب
A+ A-

رووداو - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات هەتا بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە رووی داراییەوە ئاسایی نەبێتەوە "هیچ حیزبێك پارەی پێنادرێت".

دلێر تاریق، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاماژەی بەوەدا، كە ساڵی 2014 لەبەر قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، هیچ حیزبێكی كوردستانی پارەی پێنەدراوە. ئەو گوتی "ئەمساڵیش هەتا قەیرانی دارایی بەردەوام بێت، پارە بە حیزبەكان نادرێت".
 
ناوبراو باسی لەوەشكرد دوای پەسەندكردنی بودجەی 2015ی هەرێمی كوردستان‌و باشبوونی قەیرانی دارایی، ئەو كاتە وەزارەتی دارایی بە هاوكاریی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێك لە بارەی پێدانی پارە بە حیزبەكان دەردەكات. "بەپێچەوانەوە هەتا قەیرانی دارایی هەبێت پێشبینی ناكەم بەشە بودجەی حیزبەكان بدرێت".

پێشتر‌و هەتا ساڵی 2009، هاوكاری دارایی حیزبەكان بەوشێوەیە بوو: هەریەك لە یەكێتی ‌و پارتی (42 ملیار) دینار‌و حیزبی شیوعی (580 ملیۆن) دینار ‌و یەكگرتووی ئیسلامی (450 ملیۆن) دینار‌و حیزبی زەحمەتكێشان(400 ملیۆن) دینار ‌و كۆمەڵی ئیسلامی (350 ملیۆن) دینار‌و حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (350 ملیۆن) دینار.
 
لە ساڵانی 2011‌و 2012‌و 2013، هەر ساڵەو بڕی 185 ملیار دینار بۆ حیزبەكان تەرخانكرابوو، بەشی یەكێتی ‌و پارتی كەمكرایەوە هەریەكەیان بۆ 4 ملیۆن دۆلار، بزووتنەوەی گۆڕانیش 600 ملیۆن دیناری پێددەدەرا. حیزبەكانی دیكەش هەریەكەیان بەرێژەیەك پارەیان كەمكرایەوە.

بەڵام لەساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوە، سەرباری پەسەندكردنی بودجەی حیزبەكان لە پەرلەمانی كوردستان هیچ حیزبێك وەك گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێ پارەی پێنەدراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە