رووداو - هەولێر
بەهۆی پشووی خوێندن لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، گەشتیارێکی زۆر روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەو هۆیەشەوە داهاتی گەشتیاری لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی رێژەی گەشتیاری %470 زیادیکردووە.
نەورەس عادل، گەشتیارێکی عەرەبە، ئەو ئارامی دۆخی هەرێمی کوردستانی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەفتەیەکدا سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری کوردستان بکات و دەڵێت "دۆخی ئەمنی جێگیرە و کەرتی گەشتیاری زۆر باشە، خەرجییەکانیش زۆر کەمن، رۆژانە لە 40 دۆلار تێناپەڕێت".
هۆتێلەکانی هەولێر جمەیان دێت لە گەشتیار، کەم هۆتێل ماون پاسە گەورەکانی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی لە بەردەمدا نەوەستابێت، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران، داهاتێکی باش دەخاتە گیرفانی خاوەن هۆتێلەکانەوە.
شاهین کەنعان، بەڕێوەبەری هۆتێل دەڵێت "ئەو پلانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان داینابوو بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر، وەک خۆیان دەڵێن سەریگرتووە. لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو داهاتی گەشتیاری نزیکەی شەش هێندە (470%) زیادیکردووە".
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ رووداو دەڵێت، پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە گەشتوگوزار بکاتە سەرچاوەیەکی دیکەی داهات، بۆ ئەوەش بە نیازی بەستنی کۆنفرانسێکی گەورەیە بە بەشداری 200 کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەو ناوچە گەشتیاریانەش ئاوەداندەکەنەوە، کە تاوەکو ئێستا بێ خزمەت مابوونەوە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ