رێژەی 4.8%ـی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەبڕدرێت

26-01-2017
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن مووچە
A+ A-

رووداو- هەولێر

رێژەی 4.8%ـی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەبڕدرێت، کە بڕەکەی نزیکەی 2 ملیار دینارە و دەدرێتە حەشدی شەعبی و ئاوارەکان. 

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2017، بڕی 4.8%ـی مووچەی گشتیی فەرمانبەرانی عێراق دەبڕدرێت و، بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئاوارەکان تەرخان دەکرێت".

لە یاسای ساڵی 2016 بودجەی عێراقدا رێژەی 3.8%ـی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ حەشدی شەعبی و ئاوارەکان تەرخانکرابوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە بۆ 4.8% بەرزبووەتەوە.

بەپێی گوتەی ئەحمەد حاجی رەشید "60%ی ئەو پارەیە بۆ حەشدی شەعبی و 40%ـی بۆ ئاوارەکان تەرخان دەکرێت، بەتایبەتی دەرێتە وەزارەتی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، تەندروستی و پەروەردە، تاوەکو خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکان دابین بکەن".

لەبارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەحمەدی حاجی رەشید، گوتی "بڕینی مووچە، ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە راستەخۆ مووچەکانیان لە بەغداوە دابین دەکرێت". 

هەروەها دەڵێت "مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، نزیکەی 50 تریلیۆن دینارە، بەو پێیەش نزیکەی 2 ملیار دینار، لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت". 


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە