رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا دەڵێت، مانگی ئاداری 2026 بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا 1500 مێگاوات زیاد دەکات کە ئێستا بڕی 4300 مێگاواتە. دەشڵێت، کۆتایی ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنابی کارەبا لە خواست زیاتر دەبێت و دەتوانن کارەبا هەناردە بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-07-2025، فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''وەزارەتی کارەبا پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای دانەگاز هەیە کە بەگوێرەی پڕۆژەکە، مانگی ئاداری 2026، بڕی 200 ملیۆن پێ سێجای دیکە گاز بەرهەم دەهێنرێت.''
بەگوتەی فارس میرخان، ئەو 200 ملیۆن پێ سێجا گازە، لەگەڵ 520 ملیۆن پێ سێجا گازی دیکە کە ئێستا هەیە، بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێنرێن و "دەکرێ 1500 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکرێت.''
وەک بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا گوتی، ئێستا لە هەرێمی کوردستان 4300 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت کە 80٪ـی بەرهەمهێنانەکە لە رێگەی گازەوەیە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند و بڕیارە کۆتایی ساڵی 2026، سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاژێرییان هەبێت.
وەک فارس میرخان دەڵێت، ''بۆ ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2026 سەرانسەری هەرێمی کوردستان بخرێتە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە، پێویستیمان بە 6000 بۆ 6500 مێگاوات کارەبا هەیە.''
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات، 'بەپێی ئەو پلانەی کە دانراوە، کۆتایی 2026 بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر دەبێت لە بڕی پێویستی، تەنانەت دەتوانن هەناردەشی بکەن.''
میرخان باسی لەوەشکرد، ئێستا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، لە رێگەی وەزارەتی کارەباوە، هەزار مێگاوات کارەبا بە عێراق دەفرۆشن کە ''داهاتەکەی بۆ شایستە داراییەکانی کۆمپانیای دانەگاز و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێتەوە.''
''کێشەی تەکنیکی نەبێت کارەبای 24 کاژێر نابڕێت''
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبن، لە کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون، بەڵام هەندێک لە هاوبەشان گلەیی لە بڕانی جار جارەی کارەبا دەکەن.
فارس میرخان لەبارەی رەخنەی هاوبەشان لە بڕانی کارەبای 24 کاژێری لە هەندێک لە ناوچەکان گوتی: ''ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەبێت، کارەبای 24 کاژێری نابڕێت، بەڵام هەندێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا گرفتی تەکنیکییان تێدەکەوێت، ئەوەش کاریگەری دەخاتە سەر پڕۆژەی رووناکی.''
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێک لە کارەبای 24 کاژێریدا، ''گرێبەستمان لەگەڵ موەلیدەکانی گەڕەکەکان هەیە و ئەوان کارەبای هاوبەشان دابین دەکەن.''