رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان دەڵێ، ساڵانە لە پارێزگاکەدا نزیکەی حەوت تۆن زەعفەران بەرهەمدەهێندرێت و بەهۆی کواڵێتییە بەرزەکەیشی، ساڵانە تاوەکو دوو تۆنی لەلایەن بازرگانانەوە دەنێردرێتە مەشهەد.
ئەمڕۆ سێشەممە سەعید کەریمی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان لە رۆژی نیشتمانیی زەعفەراندا رایگەیاند، رووبەری چاندنی زەعفەران لە کرماشان گەیشتووەتە 800 هێکتار و ساڵانە نزیکەی حەوت تۆن زەعفەران لە سنووری پارێزگاکەدا بەرهەمدەهێندرێت.
کەریمی باسی لە کواڵێتیی بەرزی زەعفەرانی کرماشان کرد و گوتی، "زەعفەرانی پارێزگاکە لە ئاستێکی زۆر باش و بەرزدایە. هەر ئەوەش وایکردووە ساڵانە یەک تۆن و نیو بۆ دوو تۆن لە بەرهەمی کرماشان بە شێوەی خاو لەلایەن بازرگانانەوە رەوانەی مەشهەد دەکرێت."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان گوتیشی، لە ساڵانی رابردوودا بەشێک لە تێچووی کڕینی زەعفەران تاوەکو 50% بە شێوەی پاڵپشتی بۆ جووتیاران دابین دەکرا، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی کەمبوونەوەی بودجە، پاڵپشتییەکان سنووردارتر بوون.
کرماشان یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی چاندنی زەعفەرانە لە ناوچەکەدا و بوونی گوندێکیش بە ناوی "زەعفەران" لە ناوچەی ئیسلامئاوای رۆژئاوا، وەک بەڵگەیەک لەسەر دێرینیی ئەم بەرهەمە لە پارێزگاکەدا دادەنرێت.

.jpg&w=3840&q=75)

