یەدەگى نەوتى "دەوڵەتی کوردستان" 70 ملیار بەرمیلە

27-09-2017
محەممەد شوشی
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-
رووداو- هەولێر

رۆژى 25ى ئەیلول هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بڕیاریان بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا، ئەگەر ئەو ناوچانەى گشتپرسییان تێدا کرا ببێتە دەوڵەت، ئەوا رووبەرى دەوڵەتەکە 78 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێ و ژمارەى دانیشتووانەکەشى زیاتر دەبێ لە حەوت ملیۆن کەس.

دەوڵەتە نوێیەکە پێنج پارێزگا لەخۆدەگرێ (هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، هەڵەبجە و دهۆک). بەپێى داتاکان ژمارەى دانیشتووانى باشوورى کوردستان بە حەوت ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێ، رێژەى گەشەى دانیشتووانی 2.5% ـەو داهاتى مانگانەى تاکە کەسیش بە 400 هەزار دینار خەمڵێندراوە، داهاتى ناپوختەى مانگانە 1 ملیار و 67 ملیۆن دۆلارە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار مووچەخۆر هەن کە 270 هەزاریان پێشمەرگەن، نزیکەى 270 هەزار کەسیش وەکو خانەنشینن و مووچە وەردەگرن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم هەموو مووچەخۆرانە پێویستی بە 870 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا تەنیا تواناى 350 ملیار دینارى هەیە بۆ مووچەخۆرەکانی دابین بکات.

بەپێی دوایین ئامارەکان، رێژەی بێکاری لە باشووری کوردستان گەیشتووەتە 15%، رێژەی هەژاریش گەیشتووەتە 14.3%، کە 60%ی بەرزبوونەوەى ئەو رێژەیە بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانەوە بووە.

ناڤسەر نووری، مامۆستای زانکۆ و ئابووریناس پێیوایە ئەو ئامارانە لە چەند ساڵى داهاتوودا گۆڕانکاریى گەورەیان بەسەردا دێت و پێشبینى بەرزبوونەوەى رێژەى بێکارى و هەژارى دەکات "ئەمەش بەهۆی ئەو هەموو گوشارانەوە دەبێت کە حکومەتی عێراق دەیکاتە سەر باشووری کوردستان، بە تایبەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەبەر ئەوەی زۆربەی دەستی کاری باشووری کوردستان لەو ناوچانەن، بەڵام دواتر جارێکی دیکە ئەم رێژانە سەرەوژێر دەبن و بۆ کەمتر لە ئامارەکانی ئێستا دادەبەزن".

باشووری کوردستان رۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکان دەکات. یەدەگى نەوتەکەی بە 45 ملیار بەرمیل خەمڵێندراوە کە دەکاتە 30%ى هەموو یەدەگى عێراق. لە باشووری کوردستان 2.8 ترلیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی هەیە کە دەکاتە 85%ی یەدەگى گازی سرووشتیی هەموو عێراق.

شاڵاو عەبدولخالق شارەزا لە سیاسەت و وزە بە (رووداو)ى گوت "کەرتی نەوت لەو کەرتانەیە کە دەتوانێت باشووری کوردستان لە سەرجەم گوشارە ئەمنی و ئابوورییەکان بپارێزێت".

شاڵاو عەبدولخالق دەڵێت: " ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا هەرگیز رێ بە تورکیا و ئێران و عێراق نادەن بە ویستی خۆیان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کەرتی نەوت و گازی باشووری کوردستاندا بسەپێنن، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006 کە دەستی کرد بە دەرهێنانی نەوتەکەی، بۆ وڵاتانی جیهانی سەلماند کە دەتوانێت بە شێوەیەک نەوتەکەی بەرهەمبێنێت، لە بەرژەوەندیی خۆی و وڵاتانی رۆژئاوا و جیهان بێت. هەرێمی کوردستان ئەوەشی سەلماند کە وەکو عێراق نەوت بۆ نەهامەتى و هەڕەشە لەسەر وڵاتان بەکارناهێنن".

لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیاش بۆ رێگرى لە فرۆشتنى نەوتى کوردستان، شاڵاو گوتى: "تورکیا ناتوانێت ئەوەندە بە ئاسانی هەناردەکردنی نەوتی باشووری کوردستان رابگرێت، لەبەر ئەوەی لە رووی جیۆئیکۆنۆمییەوە گەورەترین زیانى بەردەکەوێ". بەبڕواى ئەو ئابووریناسە، هەر نەوت وایکردووە کە ئەگەرى هێرشى سەربازى لەلایەن وڵاتانى دەوروبەر ئەگەرێکى لاواز بێ و دەڵێت "وڵاتانى زلهێز زۆربەیان کۆمپانیای نەوتییان لە هەرێمی کوردستانە وەکو ( ئێکسون مۆبیل، شێفرۆن، دانەگاز، رۆسنەفت، گازپرۆم و دی ئێن ئۆ و زۆر لە کۆمپانیاکانی دیکەی بواری نەوت، بۆیە وڵاتەکانیان رێگە بە هیچ رێکارێکى سەربازى نادەن لە دژى هەرێمى کوردستان. هەرگیز رێگە بە تورکیاش نادەن ببێتە رێگرێک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی باشووری کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان کە زیان بە بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانیشیان دەگات".

ئەو ئابووریناسە لەبارەی یەدەگى نەوتى باشوورى کوردستان دەڵێت: "ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی 45 ملیار بەرمیل نەوتى یەدەگە، ئەگەر ناوچە کوردستانییەکانیشى بێتەوە سەرێ، ئەوە یەدەگەکەى دەبێتە 70 ملیار بەرمیل نەوت و دەبێتە حەوتەمین بۆ هەشتەمین وڵات لە جیهاندا لە رووی یەدەکی نەوتەوە، جگە لە گازە سرووشتییەکەشى، بۆیە هەرێمی کوردستان بە کەرتی نەوتەکەى دەتوانێ پێگەى خۆى لە جیهاندا بەهێز بکات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە