رووداو- هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی رێککەوتنێکیدا لەگەڵ کۆمپانیای روسنەفتی رووسی قەرزێکی 3 بۆ 5 ساڵ وەردەگرێت و وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەڵێت: "رێککەوتنەکە دۆخی داراییمان باشتردەکات".
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەهەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ رووسنەفت، چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا تەواوبووە و لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزێک لە رووسنەفت وەردەگرێت و لە ماوەی نێوان 3 بۆ 5 ساڵ قەرزەکەی بەو کۆمپانیایە دەداتەوە. بەڵام ئاماژەی بە بڕی قەرزەکە نەکردووە.
بەگوتەی ئاشتی هەورامی، رێککەوتنەکە هاوکاری سەربەخۆیی ئابووری کوردستان دەکات، بەڵام نابێت ئەوەش لە بیربکرێت کە بەهێزبوون و سەربەخۆبوونی ئابووری کوردستان تەنیا لە رێگەی داهاتی نەوت و بەرزبوونەوەی نەوت ناکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە چاکسازی ئابووریش ئەنجامبدەن.
وەزیری سامەنە سرووشتییەکان لە هەڤپەیڤینەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە هەرێمی کوردستان وانەیەکی باشی لە دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعش و هەروەها هاتنی 1.8 ملیۆن پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و دەشڵێت "چاکسازی ئابووری، دەبێت هەر ئەنجامبدرێت" چونکە قەرزێکی زۆریان لەسەرە کە دەبێت بدرێتەوە.
هەورامی لەبارەی رێککەوتنەکەی رووسنەفت دەڵێت: "رێککەوتنەکە دۆخی داراییمان باشتردەکات، واتە لەگەڵ ئەوەی کە دەتوانین قەرزەکانمان بدەینەوە، هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی کەرتی نەوت دەتواندرێت پارەی زیاتر بۆ حکومەت کۆبکرێتەوە".
رۆژی سێشەممە 21-2-2017، لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هەفتەی نەوتی لەندەن، گرێبەستێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رووسنەفت، کۆمپانیای حکومی نەوتی رووسیا واژۆکرا. بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیای رووسنەفت بۆ ماوەی سێ ساڵ (2017، 2018 و 2019 ) نەوتی هەرێمی کورستان دەکڕێت.
کۆمپانیای رووسنەفت:
- کۆمپانیای حکومی نەوتی رووسیایە.
- لە بوارەکانی دۆزینەوە و پاڵاوتنی نەوت کاردەکات.
- لە ساڵی 1993 دامەزراوە.
- لە ساڵی 2006 لە بۆرسەی لەندەن پشەکەکانی خرانەڕوو.
- لە بۆرسەی لەندەن توانی 10.7 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە.
- لە 2013 بووەتە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی جیهان.
- داهاتی ساڵانەی لە ساڵی 2014 دا 91.72 ملیار دۆلار بووە.
- قازانجی پووختەی چوار مانگی کۆتایی 2014 دا 1.3 ملیار دۆلار بووە.
- خاوەنی 20 هەزار کارمەندە.
- پلانی هەیە ئەمساڵ بەڕێژەی 2.5% ی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات.
خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە
- حکومەتی رووسیا 50%.
- %19.75 ی کۆمپانیای BP ی بەریتانی.
- %19 نەناسراو.
- قەتەر و کۆمپانیای گلینکۆر 0.54%
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ