گاز پرۆم: لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر 10 بلۆكی نوێی نەوتی لە گفتۆگۆداین

28-09-2017
عەلی زالۆ
نیشانەکردن نەوت گازپرۆم رووسیا
A+ A-

رووداو- هەولێر

گەورەترین كۆمپانیای نەوتی رووسیا، گازپرۆم نەوت، بەدووری نازانێت بەشداریی لە چەند پڕۆژەیەكی نوێی بلۆكی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات و رایدەگەیێنێت: "لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر 10 بلۆكی نوێی نەوتی لە گفتۆگۆداین".


كۆمپانیای گاز پرۆم نەوتی رووسی رایگەیاند: "لە كارەكانمان لەبواری گاز و نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر گەشبینین لە داهاتوودا. لە گەرمیان لەسەر كارەكەمان بەردەوامین و لەوێ نزیكەی 8 ملیۆن تۆن نەوتی یەدەگمان دۆزیوەتەوە و لەسەر كارەكەی خۆمان بەردەوامین. بیری یەكەممان تەواو كردووە دەستمان بە لێدانی بیری دووەم كردووە."

گازپرۆم دەشڵێت: "هەرچەندە دۆخەكە هەستیارە، گازپرۆم بەنیازە لە سەرگەڵو،7 هەزار و 631 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرهەم بهێنێت. لە ساڵی داهاتوو ئاستی دەرهێنانی نەوت لە سەرگەلو بۆ 13 هەزار و 455 بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەكەینەوە."

سێرگی پترۆف، سەرۆكی كۆمپانیای میدل ستەیت، بەشێكە لە كۆمپانیای گازپرۆم، گوتی: "ئامادەین دەست بەگەڕان لە پرۆژەی نوێی نەوتی دا بكەین، ئێستا خودی كۆمپانیای گازپرۆم نەفت، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر 10 بلۆكی نوێی نەوتی لە گفتۆگۆدان."

سێرگی پترۆف، گوتیشی:"ئێستا وازمان لە كاركردن لە بلۆكی نەوتی هەڵەبجە هێناوە، ئەویش بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە مینی چێنراو لە ناوچەكەدا."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە