نەرمین مەعرووف: وەزارەتی دارایی عێراق گوتی لە دوو رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی 10 دەنێرین

28-11-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ گوتوویەتی لە دوو رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆران دەنێرن، گوتیشی، ''وەزارەتی دارایی بەپێی خەرجیی فیعلی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات".
 
بە درێژایی ئەم هەفتەیە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی گەیشتنی پارە بوون لە بەغدا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-11-2024، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، رایگەیاند، دوێنی چوارشەممە، لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ پێی راگەیێندراوە کە ''دەستمان کردووە بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 و لە دوو رۆژدا دەینێرین.''
 
نەرمین مەعرووف ئەوەشی خستەڕوو، ''ناردنی مووچە کۆمەڵێک هەنگاوی ئیداری پێویستە و بیرمان نەچێت لە عێراق چەند مانگێک دەبێت کێشەی نەختینە هەیە، بۆیە دەستەبەرکردنی ئەو بڕە پارەیە و گواستنەوەی لە بانکی ناوەندییەوە بۆ هەولێر [کاتی پێویستە].''
 
وەک ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی دا، مانگانە لە عێراقیش مووچەی هەندێک وەزارەت دوا دەکەوێت و ''فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکان لە یەک کاتدا مووچەکانیان وەرناگرن، بەڵکو هەندێکیان دەگاتە 30 و 31ـی مانگ.''
 
وەزارەتى دارایی فیدڕاڵى بڕیاریداوە سێ گوژمەى 763 ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگەکانى 10 و 11 و 12 رەوانەى هەرێمى کوردستان بکات کە بە هەرسێ مانگەکان، زیاتر لە 700 ملیار دینار کورتهێنانى مووچەی دەبێت.
 
نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوە کرد، ''وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بەپێی خەرجیی فیعلی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام مادەی 60ـی یاسای بودجە، دەسەڵاتی زیادکردنی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە ئەنجوومەنی وەزیران دەدات.''
 
 
لە بەشە بودجەی ساڵی 2024ـی هەرێمی کوردستان، بڕی 11 تریلیۆن و نیو بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان کراوە؛ ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، ''ئێمە ئەم گەرەنتییەشمان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتووە کە لە کاتی کەمبوونی بڕی تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بتوانێت بەو دەسەڵاتەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕە پارەی تەرخانکراو زیاد بکات.''
 
نەرمین مەعرووف جەختی لەوە کردەوە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، گەرەنتیی ئەوە دەکات کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە هەر کێشە و پابەندییەک بەدوور بێت، ''بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ جارێکی دیکە چووەتەوە سەر دەستەواژەی خەرجیی فیعلی و بەپێی لێکدانەوەیەکی تاکلایەنە دەڵێت، لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیدا هاتووە ناردنی مووچە لە بەشی هەرێمی کوردستان بێت، واتە دووبارە بابەتی مووچە هاتووەتەوە سەر پشکی هەرێمی کوردستان و رێژەی 12.67٪ـەکە لە ئارادایە".
 
ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''گوشارەکانمان چڕ کردووەتەوە و سەردانی دادگەی فیدراڵیمان کردووە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پشتیوانیی دادگەی فیدراڵی بۆ مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنینەوە.''
 
گوتیشی، ''تەنانەت ئەگەر بەپێی خەرجیی فیعلیش، لەو 11 تریلیۆن و نیوەی کە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، تەنیا 763 ملیار دینار بۆ هەر کامە لە مانگەکانی 10، 11 و 12 مابێتەوە، دووبارە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەتوانێت بە دەسەڵاتی خۆی، بڕە پارەیەک زیاد بکات، بۆ ئەوەی 995 ملیار دیناری پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.''
 
بەگوتەی نەرمین مەعرووف، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پاساو دەهێنێتەوە، ''بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەکارنەهێنێت بۆ گواستنەوەی بودج لە خەرجیی بەکارهێنان (تەشغیلی) بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکە تەنیا نەکەوێتە سەر ئەو، بەڵکو بکەوێتە سەر شانی ئەنجوومەنی وەزیران.
 
بەپێی ئەو سەرژمێرییەی کە 20ـی تشرینی دووەم لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، ئاماری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس و 14%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن. نەرمین مەعرووف لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2025 گوتی، پێشبینی دەکەین بەشە بودجەکەی بەپێی ئەو 14٪ـە دیاری بکرێت.
 
جەختیشی لەوە کردەوە، ''بۆ یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2025، هەول دەدەین دەستەواژەی خەرجیی راستەقینە (فیعلی) بە تەواوی لە یاساکە لابدەین، چونکە بە نەمانی ئەم دەستەواژەیە، کۆتایی بەو کێشەیە دەهێنین کە جارێکی دیکە ئەدای حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری نەکەن''.
 
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوکار بێت و ئەو پابەندییانەی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی هەیەتی، جێبەجێیان بکات، ''چونکە هەندێک کات پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئاستەنگ بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆران دروست بکات''
 
بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پڕۆژەیاسای بودجە بکات کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا. نەرمین مەعروف دەڵێت، ''چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو دانیشتن بۆ خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یاساکە بکرێت و  و تەنیا دەنگدان بمێنێتەوە.''
 
گوتیشی، ''چاوەڕوانی ئەوە دەکەین پەسندکردنی هەمواری پڕۆژەیاسای بودجە، سەرەتایەکی باش بێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و تاڕادەیەکیش کۆتایی بە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بهێنێت.''
 
5ـی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.
 
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
 
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە