رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێ: "ئەو کەسانەی سوودمەند بوون لە پڕۆژەی هەژماری من، ئەمڕۆ تاوەکو نیوەڕۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکەیان و دەتوانن مووچە وەربگرن."
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەموو ئەو کەسانەی ئەمڕۆ ناویان لە لیستی مووچەدا نییە، بەڵام سوودمەند بوون لە پڕۆژەی هەژماری من، دوای ئەوەی پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان، دەتوانن مووچە وەربگرن."
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، دوای کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هاونیشتمانییان دەتوانن مووچە وەربگرن. گوتیشی: "ئەوانەی سوودمەند بوون لە پڕۆژەی هەژماری من، دوای ئەوەی نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێگەیشت، دەتوانن پێش کاژێر 01:00 مووچەکانیان وەربگرن."
ئەوانەی لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان وەردەگرن، ژمارەیان گەیشتووەتە 630 هەزار مووچەخۆر. ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی: "مانگەکانی رابردوو وەزارەتەکانی تەندروستی، خوێندنی باڵا و پەروەردە کە سوودمەند بوون لە پڕۆژەی هەژماری من، دەیانتوانی زووتر مووچە وەربگرن، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری سوودمەندبووان دەتوانن دوای ئەوەی نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێگەیشت، مووچەکانیان وەربگرن".
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مووچەی مانگی 10ـی خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاباران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
دوێنێ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارەی پێویستی بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆران خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت. هەروەها لیستی مووچەشی بڵاوکردەوە کە لە رۆژانی 29، 30 و 31ـی مانگ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ