كۆمپانیا گەورەكانی نەوت كۆنفرانسی وزەی عێراق بایكۆت دەكەن

30-04-2013
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو- هەولێر

لە كۆنفرانسی وزە كە حكومەتی عێراق رێكیخست، كۆمپانیا گەورە جیهانییەكانی بواری نەوت و غاز بەشدارییان نەكرد و سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكەش دەڵێت ئەوان بانگهێشتیان كردوون، بەڵام نەهاتوون. راوێژكارێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش دەڵێت هیچ كوردێك بۆ ئەو كۆنفرانسە بانگ نەكرابوو.

رۆژی 23ی ئەم مانگە، كۆنفرانسێكی وزە لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، زۆربەی ئەو كۆمپانیا بیانیانە بەشداربوون كە پڕۆژەیان لە باشووری عێراق هەیە، بەڵام ئەو كۆمپانیایانەی تێدا نەبوو كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لەوانەش كۆمپانیاكانی ئیكسۆن مۆبیل، شێڤرۆن، تۆتاڵ، گەنەل ئینەرجی و چەند كۆمپانیایەكی دیكە.

مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو، عەبدولكەریم لعێبی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئەو كۆمپانیایانە دەدەنە دادگا كە نەوتی خاوی كوردستان رەوانەی دەرەوە دەكەن.

 د.عەلی حەسەن بەلۆ، راوێژكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەرێمی كوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند كە حكومەتی بەغدا هیچ نوێنەرێكی كوردی بۆ ئەو كۆنفرانسە بانگهێشت نەكردووە، گوتیشی "حكومەتی بەغدا تێڕوانینێكی بەرتەسكی هەیە، لەگەڵ ئەوەی كۆمپانیا گەورەكان بەشدارییان نەكرد، بەغدا بانگهێشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی نەكرد، هەروەها بانگهێشتی ئەو پەرلەمانتارە كوردانەشیان نەكرد كە ئەندامن لە لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق".

ئەو كۆنفرانسە كە سێیەم كۆنفرانسی لەوجۆرەیە لە عێراق بكرێت، ماوەی چوار رۆژی خایاند و 100 كۆمپانیای بواری نەوت و غاز بەشدارییان تێدا كرد كە 60یان كۆمپانیای ئەهلی بوون و 40یشیان حكومی  بوون، كۆمپانیا بیانییەكانیش سەر بە 13 وڵاتی جیاجیا بوون و زۆربەیان ئەوانە بوون كە پڕۆژەیان هەیە لە باشووری عێراق.

عەلی بەشیر رەشید، سەرپەرشتیاری كۆنفرانسی وزەی بەغدا لە لێدوانێكدا بە (رووداو) رایگەیاند كە ئەوان كۆمپانیا گەورەكانی بواری وزەیان بۆ كۆنفرانسەكەیان بانگهێشت كردووە، بەڵام هەندێك لەوانە نەهاتوون و گوتی "ئەوە راستە ئێمە بانگهێشتی ئەو كۆمپانیایانەمان بۆ ئەو كۆنفرانسە كرد، بەڵام نەهاتن و ئێمەش كەس ناچار ناكەین بێن، لەگەڵ ئەوەش كۆمپانیای گەورەی دیكە لەو كۆنفرانسە ئامادە بوون، وەكو كۆمپانیاكانی شێڵی هۆڵەندی و شلومبۆرگەری ئەڵمانی".

بەغدا لەوە تووڕەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە ناردنە دەرەوەی نەوتی خاوی كوردستان بۆ توركیا بێ رەزامەندی ئەو، وەهاش چاوەڕوان دەكرێت لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە ئەو نەوتەی رەوانەی توركیا دەكرێت و بەغدا پێیوایە بەشێوەیەكی نایاساییانە دەڕوات، دوو هێندە زیاد بكات و بگاتە نزیكەی 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە