وەزارەتی دارایی: حکومەتی عێراق چاوەڕێی روونکردنەوەی دادگەی فیدراڵییە بۆ یەکلاکردنەوەی پرۆژەی هەژماری من

30-04-2024
هیدایەت جان
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو رێکارەکانیان بۆ مووچەی مانگی چوار تەواو کردوون و چاوەڕوان دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکات. لەبارەی بەجێکردنیش لە رێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵ چاوەڕوانی روونکردنەوەی دادگەی فیدراڵیی عێراقە بۆ کۆتاییهێنان بەو مشتومڕە."

رۆژی سێشەممە 30ی نیسانی 2024 هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "دوای پشووەکانی جەژنی رەمەزان، لە وەزارەتی دارایی دەستمان بە ئامادەکردنی لیستی مووچە کرد و 22ی نیسان لیستەکەمان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرد. هەموو رێکارە پێویستەکانمان تەواو کردن و ئێستا چاوەڕوان دەکەین لە نزیکترین کاتدا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی دەست بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات."

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، چاوەڕوانییان ئەوە بوو بەغدا مووچەی فەرمانبەران زووتر بنێرێت و دەشڵێت، "وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دەدات و دواتر دەست بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات. هیوادارین لەم چەند رۆژەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرن."

پرۆژەی هەژماری من

بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ەوە یەک لە پرسەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە. هونەر جەمال دەڵێت، "ئەو قسانەی لەبارەی پرۆژەی هەژماری من دەگوترێن، زۆربەیان ناڕاستن و تەنیا خاڵی جێگەی مشتومڕ ئەوەیە کە دەگوترێت لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیدا هاتووە، دەبێت بەجێکردنی مووچە لە بانکە فیدراڵییە حکومییەکان بێت."

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی، "لەوبارەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی گفتوگۆمان کردووە و راگۆڕینەوەمان لەگەڵ دادگای فیدراڵیش کردووە، بۆئەوەی راستکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بدرێت."

بە گوتەی هونەر جەمال، "پرۆژەی هەژماری من بە رەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق ئەنجامدراوە و نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەر هەژماری منیان بۆ کراوەتەوە و لەو ژمارەیە 200 هەزاریان کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش زیاد لە 200 ئامێری راکێشانی پارە لە هەولێر دانراون؛ بۆیە کێشەکە لەسەر باشی یان خراپیی پڕۆژەکە نییە، بەڵکو تێبینییەکەیان لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە و بەغداش ئێستا چاوەڕێی روونکردنەوەی دادگەی فیدراڵییە بۆ کۆتاییهێنان بەو مشتومڕە."

داهاتی نێوخۆ و پلەبەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران

لەبارەی گەڕانەوەی داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجینەی گشتیی عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا ئەو داهاتانەی بەپێی یاسا بەرکارەکانی بودجە و بەڕێوەبردنی دارایی و پارێزگاکان کە بەشێک لە باج و داهاتی خاڵە سنوورییەکان و رسووماتە، پۆلێن کراون و شاندی حکومەت لە بەغدا لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە."

هونەر جەمال دەشڵێت، "ئێمە هیچ لارییەکمان نییە داهاتە فیدراڵییەکان بخەینە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی."

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە مانگێکە دەستیپێکردووە، "ئێستا بەشێک لە وەزارەتەکان پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەیان تەواو کردووە و لە هەفتەی داهاتووەوە چاوەڕێ دەکەین سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان کارەکانیان تەواو بکەن، دوای پێداچوونەوە لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی پلەکان."

هونەر جەمال دەشڵێت، ئەوان چاوەڕێی تەواوبوونی راپۆرتی وەزارەت و فەرمانگەکانن بۆ بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران؛ دەشڵێت، گوشاریان خستووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارەکان تەواو بکەن و هەرکات سەرجەم پلەبەرزکردنەوەکانی سەرجەم وەزارەتەکان ئامادەبوون، ئەوان رێکیاندەخەنەوە رەوانەی بەغدای دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە