رووداو دیجیتاڵ خانمە هونەرمەند (باران حەکیمی) نوێترین گۆرانیی بەناوی (دڵ) بە ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەیەوێ یەکەم وەشانی گۆرانییەکەی لە رووداو بێت. گۆرانیی (دڵ)، یەکەمجار لەلایەن هونەرمەند (سامان عومەر)ەوە گوتراوە. باران دەڵێ: "هەستێکی زۆر جیاوازم بۆ ئەم گۆرانییە هەبووە، هەرچەندە گۆرانییەکانی پێشووم ئاواز و هۆنراوەی خۆمن، بەڵام لەبەر سەرسامیم بەم گۆرانییە، بڕیارمدا بیڵێمەوە و پێشتر پرسم بە سامان عومەر کردووە و مۆڵەتی داوم." گۆرانیی دڵ، کازم مورادی، کاری رێکخستنی میوزیکی بۆ کردووە، عەلی ئەحمەدی، ریکۆرد، میکس و مایسترینگی کردووە و ڤیدیۆ کلیپەکەش حەداد سادق کردوویەتی. ڤیدیۆ کلیپەکە لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنە گیراوە. خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، باران حەکیمی، لە ساڵی 1987 لە شاری سنە لەدایکبووە. یەکەم گۆرانیی 18 ساڵ لەمەوبەر تۆمار کردووە و تاوەکو ئێستا 12 بەرهەمی خۆی هەیە.