رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا یەکێک لە گرانبەهاترین کارە هونەرییەکانی جیهانی بە قەرز گەڕاندەوە بۆ بەریتانیا کە زیاتر لە 900 ساڵ بوو لەژێر چاودێرییەکی چڕدا لە وڵاتەکە پارێزرابوو.
کارە هونەرییەکە تابلۆیەکی چندراوی پڕ وێنەیە و لە پەڕۆی خام دروستکراوە. نزیکەی 58 دیمەن، 620 مرۆڤ و 737 ئەسپ و ئاژەڵ و کەشتی تێدا نەخشێندراوە.
تابلۆکە چیرۆکی داگیرکردنی ئینگلتەرا لە ساڵی 1066 لەلایەن نۆرماندەکانەوە دەگێڕێتەوە.
ئەو شاکارە هونەرییە پێشتر لە مۆزەخانەی بایوکسی ناوچەی نۆرماندیی فەرەنسا پارێزرابوو، ئێستا بەهۆی نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەکە، شاکارە هونەرییەکە بۆ ماوەی ساڵێک بە قەرز دراوەتە بەریتانیا.
تابلۆکە درێژییەکەی 70 مەترە و بەرزییەکەی 50 سانتیمەترە.
تەنیا لە یەکەم رۆژی کردنەوەی پێشانگەکە لە بەریتانیا بۆ پێشاندانی تابلۆکە، زیاتر لە 1000 بلیت فرۆشران، ئەوەش بە ریکۆردێکی نوێی فرۆشتنی بلیتی مۆزەخانەکان دادەنرێت.
پێشاندانی تابلۆکە لە مۆزەخانەی بەریتانیا لە 10ـی ئەم مانگەوە کراوەتەوە بۆ خەڵک و تاوەکو مانگی تەممووزی 2027 بەردەوام دەبێت. چاوەڕێ دەکرێت نزیکەی 7.5 ملیۆن سەردانیکەری هەبێت.
بەشێک لە مێژوونووسان پێیان وایە ئەم شاکارە هونەرییە لەلایەن گرووپێک ژنانی ئایینیی کریستیانەوە دروستکرابێت، لە یەک کاتدا و لە یەک شوێندا.
گەڕانەوەی ئەو شاکارە بە رووداوێکی مێژوویی دادەنرێت، گەڕانەوەی یەکەمیەتی بۆ بەریتانیا و زۆربەی مێژوونووسان پێیان وایە لە ئینگلتەرا دروستکراوە، بەڵام دوای داگیرکردنی لەلایەن نۆرماندەکانی فەرەنساوە بردراوە بۆ فەرەنسا.
هێلین دەچن، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەریتانیا لەبارەی گواستنەوەی تابلۆکە بە تایمزی راگەیاندووە، ئەوە ساتێکی ناوازەیە کە جەخت لە پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا دەکاتەوە.
تابلۆکە بە رێگەیەکی نهێنی و تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو گوێزراوەتەوە. لەو بۆکسەی تابلۆکەی تێدا دانراوە، کەشوهەواکەی جێگیرکراوە و نەهێڵدراوە هیچ رووناکییەکی بەربکەوێت تاوەکو هیچ زیانێکی پێنەگات.

