رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند رۆستەم ئاغالە، تابلۆیەکی رەسەنی خۆی لە بازاڕی "دارەسووتاوەکە"ی شاری سلێمانی بە رێکەوت دەدۆزێتەوە و تەنیا بە سێ هەزار دینار دەیکڕێتەوە، لە کاتێکدا بەهای تابلۆکەی بە 1000 دۆلار دەخەمڵێنێت.
رۆژی دووشەممە 24-8-2026 رۆستەم ئاغالە، شێوەکاری بەناوبانگی کورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەیانی چوومە بازاڕی دارە سووتاوەکە لە شاری سلێمانی، بە رێکەوت تابلۆیەکی خۆمم بینی و بە سێ هەزار دینار کڕیمەوە. کاتێک تابلۆکەم بینی وا مەزەندەم کرد کۆپی بێت، بەڵام کە لێی نزیک بوومەوە، دەرکەوت شاکارە ئەسڵەکەیە و لە دووکانێکی بچووکدا دەفرۆشرا."
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەدا، چەندین جار تابلۆی خۆی بینیوە، کە کۆپیکراون و بە 800 بۆ 900 دۆلار فرۆشراون.
ئاغالە باسی ئەو تابلۆیەی کرد و گوتی: "تێچووی دروستکردنەکەی 30 هەزار دینار بووە، ئەمە بێجگە لە نرخە هونەرییەکەی، کە 1000 دۆلار دەبێت، مێژووی تابلۆکە کۆنە، کاتی خۆی هاوژینەکەم بە دیاری داویەتی بە ماڵێک لە سلێمانی، بەڵام وا دیارە قەدریان نەزانیوە."
سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتنی تابلۆکە بە بازاڕی کۆنەفرۆشان لە دارە سووتاوەکە، رۆستەم ئاغالە گوتی: "دووکاندارەکە پێیگوتم، تابلۆکەی لە کەسێک وەرگرتووە کە کەلوپەلی کۆنەی کۆکردووەتەوە و پێیگوتووە ئەمە بۆ خۆت بێت، واتا وەک شتێکی بێ نرخ فڕێدراوە." هونەرمەندەکە دەڵێت: "هیچ دڵگران نەبووم کە بەو شێوەیە بینیم، بەڵکو دڵخۆشم کە توانیم کارێکی ئەسڵی خۆم بەو نرخە بدۆزمەوە."
ئەو تابلۆیەی رۆستەم ئاغالە کڕیویەتەوە، نەخشی "چاوزار"ی لەسەرە. ئەو هونەرمەندە روونیکردەوە کە چاوزار یەکێکە لەو هێمایانەی زۆر لە کارەکانیدا بەکاری دەهێنێت، بەڵام لای ئەو بە مانای چاونەفەس نایەت، بەڵکو وەک "فرمێسک و گەڵا" بەکاری دەهێنێت.


