رووداو دیجیتاڵ لە هەوڵێکی هاوبەشی نێوان زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان و دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، کتێبێک لەبارەی زمان و ژیریی دەستکرد چاپ و بڵاودەکرێتەوە؛ نووسەرەکەی دەڵێت: "کتێبەکە باسی ئەو بیردۆزانەی زمان دەکات کە زانایانی ژیریی دەستکرد، لە دروستکردنی ژیریی دەستکرد سوودیان لێ وەرگرتووە." ئەمڕۆ سێشەممە 25-8-2026 پ. د. ئیبراهیم ئیسماعیل حەمەڕەش، ئەندازیاری کارەبا و کۆمپیوتەر – مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین بە رووداوی گوت: "کتێبەکە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان زانکۆی سەلاحەدین و دەزگای موکریانییە و لە 11 بەشدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان زمان و ژیریی دەستکرد دەکات. تێیدا روونم کردووەتەوە کە چۆن ژیریی دەستکرد زمان وەک کەرەستەیەکی خاو و لە رێگەی 'تۆکن'ەوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەق و گوتار بەکاردەهێنێت." بە گوتەی نووسەری کتێبەکە، هێشتا چۆنیەتی قسەکردنی مرۆڤ لە رووی زانستییەوە بەتەواوی یەکلا نەبووەتەوە، کتێبەکە باسی ئەو بیردۆزانەی زمان دەکات، کە زانایانی ژیریی دەستکرد، لە دروستکردنی ژیریی دەستکرد سوودیان لێ وەرگرتووە. ئەو پڕۆفیسۆرە دەڵێت، "کتێبەکە باس لە زمان وەکو سەرچاوەی سرووشتی و کەرەستەی خاوی پیشەسازیی ژیریی دەستکرد دەکات. چۆن زمان ملیۆنان کتێب، کورتە نامە، لیریکی گۆرانی، لاپەڕەکانی ئینتەرنێت تێکدەشکێندرێن و دەگۆڕدرێن بۆ یەکەی بچووک کە پێیدەگوترێ تۆکن بۆ ئەوەی وەکو پیشەسازی نایلۆن و مروەژی (ریساکلین) دووبارە زمانی لێ دروست بکرێتەوە." د. ئیبراهیم حەمەڕەش لەبارەی بەشێکی دیکەی ناوەرۆکی کتێبەکەی روونیکردەوە، "باسی چەمانەوەی زمان دەکەم، چۆن شێوازی بەکارهێنانی وشە و رستە لەلای نووسەران جیاوازە، ژیریی دەستکردیش ئەم دیاردەیەی تێدایە، باشی و خراپی دیاردەی چەمانەوەی زمان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی یان گۆڕینی بەمەبەست لەناو ژیریی دەستکرد روون کراوەتەوە." د. ئیبراهیم حەمەڕەش ئاماژەی بەوەش کرد: لە کتێبەکەدا تیشکی خستووەتە سەر مەترسییەکانی ئیمپریالیزمی زمانی، نووسینی داهێنەرانە و ئەخلاقیاتی ژیریی دەستکرد. نووسەری کتێبەکە گوتی: "پەیامی سەرەکیم ئەوەیە کە بۆ ئەوەی زمانێک لەمەودوا بە زیندوو هەژمار بکرێت، دەبێت لە کایە ئۆنلاینەکاندا ئامادەیی هەبێت، نەک تەنیا لە فەرهەنگ و دەقە ئەدەبییەکاندا. ئەم بەرهەمە لە 224 لاپەڕە پێکهاتووە و بە شێوازێکی ئاسان بۆ هەموو ئاستەکان نووسراوە." پڕۆفیسۆر ئیبراهیم حەمەڕەش کێیە؟ پڕۆفیسۆر د. ئیبراهیم ئیسماعیل حەمەڕەش، لە ساڵی 1967 لە هەولێر لە دایک بووە. مامۆستای ئەندازیاریی کارەبایە لە زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی ئەلیکترۆنی و گەیاندن لە زانکۆی سەلاحەدین، ماستەر لە ئەندازیاریی سیستمی کۆنترۆڵ لە زانکۆی مووسڵ، ماستەری توێژینەوە (MRes) لە زانستەکانی کۆمپیوتەر لە زانکۆی ستافۆردشایە لە بەریتانیا، بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاریی سیستمی کۆنترۆڵ لە زانکۆی تەکنەلۆژیا بەدەستهێناوە. لێکۆڵینەوەی پۆست-دکتۆراکەشی لە زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا تەواو کردووە. چەندین پۆستی باڵای کارگێڕی و زانستیی بەڕێوەبردووە، لەوانە: دامەزرێنەر و سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی سۆفتوێر لە زانکۆی سەلاحەدین (2000-2004)، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی کارەبا (2007-2011)، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا (2011-2017)، و راگری کۆلێژی ئەندازیاری (2017-2018). هەروەها لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2025 وەک پرۆفیسۆری میوان (Adjunct Professor) لە زانکۆی کوردستان-هەولێر خزمەتی کردووە. د. ئیبراهیم چەند کتێبێکی چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەوانە: "فەرهەنگی نیشتمانیی کۆمپیوتەر - ئینگلیزی-کوردی" (1999)؛ کتێبی خوێندنی "کۆمپیوتەر" بۆ پۆلەکانی 7 و 8 لە هەرێمی کوردستان (2001)؛ و کتێبی "چاکسازیی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان" (2013). لە بواری توێژینەوەشدا، زیاتر لە 70 توێژینەوەی لە گۆڤارە زانستییە جیهانییە بەناوبانگەکاندا بڵاوکردووەتەوە و وەک سەرۆک یان وتاردەری سەرەکی لە چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بەشدار بووە؛ ئەمەیان هەشتەم کتێبی نووسەرە.