رووداو دیجیتاڵ
رۆستەم ئاغالەی هونەرمەند ئەو تابلۆ رەسەنەی خۆی کە دوێنێ لە بازاڕی کۆنەفرۆشان بە سێ هەزار دینار کڕیبوو، بە 2000 دۆلار فرۆشتیەوە و دەڵێ، ئەو کەسەی کڕیویەتی خەڵکی سلێمانییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئابی 2026، رۆستەم ئاغالە، هونەرمەندی شێوەکار سەبارەت بەو تابلۆیەی کە دوێنێ لە بازاڕی (دارە سووتاوەکە) سلێمانی کڕیەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تابلۆکەم بە کەسێکی خەڵکی شاری سلێمانی بە 2000 دۆلار فرۆشت. ئەو هاونیشتمانییە تەلەفۆنی بۆ کردم و تابلۆکەی کڕییەوە، بەڵام هێشتا لای خۆمە و رادەستیم نەکردووە".
ئەم مامەڵەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، ئەو هونەرمەندە بە رێکەوت شاکارێکی خۆی لە فرۆشگەیەکی بازاڕی کۆنەفرۆشانی سلێمانی بینییەوە و بە سێ هەزار دینار کڕی. رۆستەم ئاغالە ئەوکات بە رووداوی گوت، تێچووی دروستکردنی تابلۆکە 30 هەزار دینار بووە، بەڵام بەهای هونەرییەکەی زۆر لەوە زیاترە.
ئەو تابلۆیەی رۆستەم ئاغالە کڕی، نەخشی "چاوەزار"ی لەسەرە. ئەو هونەرمەندە دەڵێ، چاوەزار لەو هێمایانەیە زۆر لە کارەکانیدا بەکاری دەهێنێت، بەڵام وەک "فرمێسک و گەڵا" بەکاری دەهێنێت.
رۆستەم ئاغالە گوتی، کاتی خۆی هاوژینەکەی ئەو تابلۆیەی وەک دیاری پێشکێشی ماڵێک لە سلێمانی کردبوو، بەڵام دواتر بەهۆی "قەدرنەگرتنی" کارە هونەرییەکە، تابلۆکە وەک کەلوپەلێکی بێ نرخ فڕێدرابوو و گەیشتبووە بازاڕی کۆنەفرۆشان.
ئەو هونەرمەندە پێشتر باسی لەوە کردبوو، دڵگران نییە بەوەی تابلۆکەی فڕێدراوە، بەڵکو دڵخۆشە کە توانیویەتی کارە رەسەنەکەی خۆی بدۆزێتەوە، کە ئێستا بە نرخێکی زۆر زیاتر لەو نرخەی پێی کڕدراوەتەوە فرۆشتی.



