رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر راگرتنی (شانۆیی پیانۆ) لە هەولێر روونکردنەوە دەدات و دەڵێ، کێشەکە چارەسەرکراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا نمایش دەکرێ.
دوێنی هەینی، ستافی شانۆیی پیانۆ لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشی سەرەوەی پۆستەری (شانۆیی پیانۆ )نەبووە، وەزارەتی رۆشنبیری نمایشکردنی شانۆکەی لە هەولێر راگرتووە.
لە روونکردنەوەکەی ستافی شانۆییەکەدا هاتووە: "هەرچەندە لۆگۆی سەر پۆستەرەکەمان چاک کرد و داوای لێبووردنمان کرد، وەزارەتی رۆشنبیری سوورن لەسەر ئەوەی شانۆکە لە هەولێر نمایش نەکرێ. هەربۆیە داوای لێبووردن لە بینەرانی شاری هەولێر دەکەین".
ئەمڕۆ شەممە 5ی ئەیلوولی 2026، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "راگرتنی شانۆکە لەسەر پۆستەر نەبووە. بەو پێیەی وەزارەتی رۆشنبیریی بودجەی شانۆکەی لە ئەستۆ گرتووە و شوێنی بۆ نمایشكردنی دابنیکردووە، دەبوو ناوی لەسەر بانگێشتنامەی شانۆکە هەبێت و ئەوەش رێککەوتن بوو".
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری گوتی، ستافی شانۆکە دوو جۆر بانگێشتننامە و پۆستەری درووست کردووە. یەکێکیان ناو و لۆگۆی دامودەزگاکانی وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر بووە. جۆرەکەی دیکەیان لۆگۆی وەزارەتی رۆشنبیرییان لەسەر لابردووە.
سەبارەت بە راگرتنی نمایشی شانۆکە لە هەولێر نامیق هەورامی گوتی، کێشەکە چارەسەرکراوە و ستافی شانۆکە خۆیان پێشنیازییان کردووە تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوبکەنەوە و ئاماژە بەوە بکەن ئەوەی روویداوە هەڵەیەکی تەکنیکی بووە، هەربۆیە لە چەند رۆژی داهاتوودا شانۆکە بەبێ کێشە لە شاری هەولێر نمایش دەکرێ.
(شانۆی پیانۆ) لە نووسین و دەرهێنانی شوان کەریمە، رۆژی 15ی تەمموز لە شاری سلێمانی دەستی بە نمایش کرد، بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە یەکەم رۆژی نمایشکردنی بێت لە شاری هەولێر.
