رووداو - ڤێنێسیا
شەوی پێشاندانی فەرمیی فیلمی سینەمایی بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێ لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، بووە بۆنەیەکی دیاری کولتووری و هونەری. فیلمەکە بۆ یەکەم جار لە هۆڵی مێژوویی (سەلا گراندێ) لەبەردەم ئامادەبووانێکی نێودەوڵەتیدا پێشاندرا و بە چەپڵەڕێزانێکی گەرم پێشوازی لێکرا.
گەیشتنی ستافی فیلمەکە بۆ بەردەم کۆشکی سینەما (Palazzo del Cinema)، کەشی سەر فەرشی سووری لە فێستیڤاڵەکەدا گۆڕی.
لەبری میوزیکی باوی ئەورووپی، دەنگی کیژان ئیبراهیم خەیات کە لە ساوندتراکی سەرەکیی فیلمەکەوە وەرگیرابوو، لە کەشی فێستیڤاڵەکەدا دەنگی دایەوە. هەڵکەوت مستەفای دەرهێنەر و بەشێک لە ئەکتەران بە جلوبەرگی کوردییەوە چوونە سەر فەرشی سوور، ئەمەش بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان و میدیا نێودەوڵەتییەکان.

لەودیوی بەربەستەکانی فەرشی سوورەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردی تاراوگە لە سەرانسەری ئەورووپاوە بەمەبەستی بینینی فیلمەکە و دەربڕینی پشتگیری، سەردانی دوورگەکەیان کردبوو.
ئالان هەمووان، دەرهێنەرێکی کورد لە بەریتانیا کە بەتایبەت بۆ ئەو بۆنەیە سەردانی ڤێنیسی کردبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرووپێک لە خەڵک بەتایبەتی لە بەریتانیاوە هاتوون بۆ بینینی ئەم فیلمە کوردییە."
دواتر لەنێو هۆڵی سەرەکی و مێژوویی (سەلا گراندێ) فیلمەکە بە شێوەیەکی فەرمی پێشاندرا. بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵ بۆ دانانی فیلمەکە لە بەشی فەرمیی سەر فەرشی سوور، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بایەخدان بە بەرهەمێکی سینەمایی لە ناوچەکە هەژمار دەکرێ.
ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆر سەرسام بووین بە فیلمەکە. چاوەڕوانی فیلمێکی هێندە بەهێز و سەرنجڕاکێشم نەدەکرد لەبارەی ئەو رۆڵەی پێشمەرگە و گەلی کورد دژی داعش گێڕایان."

پێچەوانەی ئەو فیلمانەی شەڕ کە بە بودجەی کەم و بە شێوازی بەڵگەفیلم بەرهەم دەهێندرێن، هەڵکەوت مستەفا لەم بەرهەمەیدا پشتی بە وێنەگرتنی سینەمایی بەرفراوان، جووڵەی خێرا و ئاستێکی تەکنیکیی بەرز بەستووە، بەتایبەتی لە تیشکخستنە سەر رۆڵی ژنە پێشمەرگەکان.
ئەم هاوسەنگییە لەنێوان سینەمای جەماوەری و چیرۆکێکی پڕ لە ململانێ، سەرنجی ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکەیشی راکێشا.
مارکۆ کۆنسۆلی، رۆژنامەڤان و رەخنەگری ئیتاڵی، لەبارەی فیلمەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فیلمەکە زۆر باش بوو، یەکێک بوو لە باشترین ئەو فیلمانەی ئەم ساڵ لە فێستیڤاڵی ڤێنیس بینیم. فیلمێکی پڕ چێژە کە دەتوانێت بگاتە بینەرێکی فراوان و هاوکات خاوەنی چیرۆک و کەسایەتیی زۆر گرنگە."
دوای کۆتاییهاتنی نمایشەکە، ئامادەبووان بۆ چەند خولەکێک بەپێوە چەپڵەیان بۆ دەرهێنەر و ستافی فیلمەکە لێدا.
رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، تیشکی خستە سەر گرنگیی بەرهەمەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ نەتەوەی کورد، هیوادارم بگاتە خەڵاتی ئۆسکار."

فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا بەربژێری عێراقە بۆ خەڵاتی ئۆسکار.
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە، دوای پێشوازییە گەرمەکەی بینەران، هەستی خۆی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەربڕی و گوتی: "هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو، هەستێک بوو پڕ لە شانازی و ئارامی. چەندین ساڵ کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەیت و دەگەیتە قۆناخێک کە پێویستە جیهان بیبینێت."



