رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەی ترسناکی (Widow's Bay) لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمیدا کە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی بۆ زۆرترین خەڵات تۆمارکرد کە زنجیرەیەکی کۆمیدی لە یەک ساڵدا بیباتەوە. هاوکات زنجیرەی (The Pitt) جارێکی دیکە خەڵاتی باشترین زنجیرەی درامیی بردەوە.
زنجیرەکەی ئەپڵ تیڤی کە کە ماتیۆ ریس (Matthew Rhys) رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت وەک سەرۆکی دوورگەیەکی دابڕاوی نیو ئینگلاند کە وا دەردەکەوێت تارمایی تێدابێت، بووە یەکێک لە پڕ باسترین زنجیرە نوێیەکانی ئەم ساڵ.
بە کۆکردنەوەی 14 خەڵات، (ویدۆوز بەی) ژمارە پێوانەییەکەی پێشووی زنجیرە کۆمیدییەکانی شکاند کە تەنیا پار لەلایەن زنجیرەی زە ستۆدیۆ (The Studio)ـی سێس رۆگن (Seth Rogen)ـەوە تۆمارکرابوو، کە ئەویش هەر بەرهەمی ئەپڵ بوو. ماتیۆ ریس (Matthew Rhys)، کەیت ئۆفلین (Kate O'Flynn) و ستیڤن رووت (Stephen Root)، هەرسێکیان خەڵاتی نواندنیان بۆ رۆڵەکانیان لەو زنجیرە سەرکەوتووەدا بەدەستهێنا.
ریس کە لە ساڵی 2018 خەڵاتی باشترین ئەکتەری درامای بۆ زنجیرەی زە ئەمێریکانس (The Americans) بردبووەوە، یەکەمین خەڵاتی ئێمی بۆ کۆمیدیا بەدەستهێنا و هەروەها وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی لە کورتە زنجیرەیەکدا بۆ رۆڵە ترسناکەکەی لە زە بیست ئین می (The Beast in Me) سەرکەوتنی بەدەستهێنا. هەروەها وەک بەرهەمهێنەرێکیش خەڵاتی باشترین زنجیرەی کۆمیدی وەرگرت.
سەرکەوتنە گەورەکەی (ویدۆوز بەی) بووە هۆی بێئومێدی بۆ زنجیرەی هاکس (Hacks)، کە چیرۆکی کۆمیدیانێکی سەرشانۆ و یاریدەدەرە گەنجەکەی دەگێڕێتەوە. بەڵام جین سمارت، ئەستێرەی زنجیرەکە جارێکی دیکە خەڵاتی باشترین خانمەئەکتەری کۆمیدی بەدەستهێنا، کە ئەمە پێنجەمین خەڵاتییەتی بۆ زنجیرەکە لە پێنج وەرزدا. سمارت گوتی: "ئەمە چ گەشتێکی سەرسوڕهێنەر بوو."
ئەم بردنەوەیە هەشتەمین خەڵاتی ئیمی بوو بۆ نواندن، بەمەش ژمارەی خەڵاتەکانی یەکسان کردەوە لەگەڵ جولیا لویس درایفوس (Julia Louis-Dreyfus) و کلۆریس لیچمان (Cloris Leachman) بۆ زۆرترین خەڵات کە تاوەکو ئێستا ئەکتەرێک بەدەستیهێنابێت. چەند خولەکێک دواتر، ئەلیسۆن جانی (Allison Janney) بە بردنەوەی خەڵاتی باشترین خانمەئەکتەری پاڵپشت لە درامای زە دیپلۆمات (The Diplomat) ئەو ژمارە پێوانەییەی یەکسان کردەوە.
ماریسکا هارگیتای (Mariska Hargitay)، ئەستێرەی زنجیرەی لۆو ئەند ئۆردەر: ئێس ڤی یوو (Law & Order: SVU) و پێشکێشکاری رێوڕەسمەکە، بە گۆرانی و سەماکردن ئاهەنگەکەی کردەوە و گۆرانییەکی بەناوی من شاشەی تەلەڤیزیۆنم خۆشدەوێت (I Love TV Screens) پێشکێش کرد.
(The Pitt) دووبارە وەک باشترین دراما هەڵبژێردرا
زنجیرەی (The Pitt) بۆ دووەم ساڵ لە سەریەک خەڵاتی ئێمی بۆ باشترین دراما بردەوە. زنجیرە سەرکەوتووەکە باس لە کارمەندە ماندووەکانی ژووری فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەکی پیتسبێرگ دەکات.
زنجیرەکە کە تیشک دەخاتە سەر بابەتگەلێکی وەک مافی لەباربردن، رێکارە تووندەکانی دژی کۆچبەران و تەقەکردنی بەکۆمەڵ، بە 25 بەربژێرکردن پێشەنگی هەموو زنجیرەکانی گرت و لە کۆتایی شەوەکەدا شەش خەڵاتی بردەوە. نۆوا وایڵی (Noah Wyle)، ئەستێرەی زنجیرەکە کە چەندین خەڵاتی بۆ رۆڵە سەرەکییەکەی بەدەستهێناوە، بۆ دووەم جار لەسەریەک خەڵاتی نواندنی بردەوە و وەک یەکێک لە بەرهەمهێنەرەکانیش خەڵاتێکی دیکەی بۆ باشترین زنجیرە بەدەستهێنا.
وایڵی بە ئامادەبووانی گوت: "من لە لۆس ئەنجلس گەورە بووم و منداڵی هۆلیوودم. بە دیار تەلەڤیزیۆنەوە گەورە بووم و هۆڵەکانی سینەما پەرستگەی من بوون. ئەمە تاکە شت بووە کە هەمیشە ویستوومە بیکەم و ئەمەش تاکە یانەیە کە ویستوومە ببمە ئەندام تێیدا. سوپاس کە قبووڵتان کردم."
رێیا سیهۆرن (Rhea Seehorn)، ئەستێرەی زنجیرەی پلوریبەس (Pluribus) خەڵاتی باشترین خانمەئەکتەری لە درامایەکدا بردەوە. کورتە زنجیرەی دی تی ئێف سەینت لویس (DTF St Louis) خەڵاتی باشترین کورتە زنجیرەی شەوەکەی بردەوە و کۆی خەڵاتەکانی گەیاندە حەوت خەڵات.
سالی فیڵد (Sally Field) خەڵاتی باشترین خانمەئەکتەری لە کورتە زنجیرە یان فیلمێکی تەلەڤیزیۆنیدا بۆ رۆڵەکەی لە ریمارکابڵی برایت کرییچەرس (Remarkably Bright Creatures) بەدەستهێنا. ئەو خانمەئەکتەرە گوتارێکی پێشکێش کرد کە تێیدا رەخنەی شاراوەی لە هەوڵەکانی یەکگرتنی هەردوو کۆمپانیای پاراماونت و وارنەر برەزەرز گرت.
فیڵد گوتی: "فرەچەشنی و شێوازی ناوازەی چیرۆکگێڕانەوەمان گرنگە. نابێت رێگە بدەین ئەو دەنگانە بێدەنگ بکرێن، سازشیان لەسەر بکرێت، یان تێکەڵ بکرێن."


