هونەرمەند رزگار حەمە رەئووف، مەقامێکی هونەرمەندی ناودار عەلی مەردان نوێ دەکاتەوە و دەڵێ، مەقامەکە کەم بیستراوە و کاری میوزیکی بۆ کردووە.
مەقامەکە ناوی (دڵ لەبەر دەردی فیراقی یار)ـە. رزگار حەمە رەئووف ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەقامەکە لەلایەن پاشای مەقامی کوردستان مامۆستا عەلی مەردانەوە گوتراوە و هۆنراوەی سافی هیرانییە".
رزگار حەمە رەئووف سەرلەنوێ کاری میوزیکی بۆ مەقامەکە کردووە و دەڵێ، "مامۆستا عەلی مەردان هێندە بەسۆز و هەستەوە مەقامەکەی چڕیوە ئەگەر بۆ جارێ گوێبیستی ببین وامان لێدەکات چەند جارێکی دیکە گوێی لێبگرینەوە".
مەقامەکە لەسەر پەیژەی مەقامی نەهاوەندە، لە کاتی تۆمارکردندا کاری میوزیکی بۆ کراوە، بەڵام کواڵیتی باش نەبووە. ئەو هونەرمەندە گوتی: "بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانیوە بۆ لەمەولا کار لەسەر ئەو بەرهەمانە بکەم زۆر کۆنن و کواڵیتیی دەنگ و میوزیکیان خراپ بووە و پێویستیان بە نوێکردنەوەیە".
هونەرمەند رزگار حەمە رەئووف ئاماژەی بەوە کرد، چەند بەرهەمێکی دیکەی لەبەردەستە و کاری نوێکردنەوەی میوزیکیان بۆ دەکات، لەنێویاندا بەرهەمی "نەبیستراوی" هونەرمەندانی کۆچکردوو حەسەن زیرەک و حوسێن عەلی هەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاویان دەکاتەوە.
وەکو رزگار حەمە رەئووف باسی دەکات، ئامانجی لە نوێکردنەوەی ئەو بەرهەمانە ئەوەیە، نەوەی نوێ بە شێوازێکی نوێ گوێبیستی گۆرانییەکانی هونەرمەندانی کۆچکردوو بن.

.jpg&w=3840&q=75)