رووداو دیجیتاڵ
یەکشەممەی رابردوو، خێزانێکی 4 کەسیی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان، لە خاکی بولگاریا تووشی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ بوون؛ لە ئەنجامدا گەنجێک و هاوژینەکەی و منداڵێکیان گیانیان لەدەستدا و کچێکی بچووکیان بە برینداری ڕزگاری بوو.
سوبحی گلی، باوکی گەنجەکە کە بە حەمە دوزی ناسراو بوو، لە ڕێگەی بەرنامەی " دیاسپۆڕا"ی تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی کاتی رووداوەکە و دۆخی تاقە نەوە ڕزگاربووەکەی خێزانەکەی ئاشکرا کرد.
لەبارەی تەندروستیی نەوە بچووکەکەی کە لە رووداوەکەدا زیندوو ماوەتەوە، گوتی، "تەندروستیی بەراورد بە پێشتر باشترە و لە نەخۆشخانەی شاری پلۆڤدیڤ لە بولگاریا لەژێر چاودێریدایە. بەهۆی ئەوەی کێشەی هەناسەدانی هەبوو، دکتۆرەکان ڕێگەیان نەدا بگوازرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بە زووترین کات بیبەینەوە بۆ ئەڵمانیا."
سەبارەت بە رووداوەکە ، سوبحی گلی گوتی کە سەرەتا لە رێگە ئۆتۆمبێلەکەیان پەکیکەوتووە، بەڵام کوڕەکەی ئۆتۆمبێلێکی دیکەی لە ئەڵمانیا کڕیووەو دیسان بەڕێکەوتووە بەرەو کوردستان. دەربارەی کات و شوێنی رووداوەکەش گوتی، "تەنها 75 کیلۆمەتریان مابوو بگەنە ناو خاکی تورکیا، کەمێک پێش رووداوەکە کوڕەکەم ڤیدیۆیەکی بۆ ناردم و گوتی باوکە ئەوە من و منداڵەکان دانیشتووین و پشووێک دەدەین. دواتر بەرێکەوتوون و ڕوویدا و، لە شوێنی رووداوەکە کوڕەکەم و هاوژینەکەی و منداڵێکیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، کچە شازدە ساڵانەکەشیان پەڕیبووە ناو دارستانێکی نزیک ڕێگەکە و کەوتبووە سەر دارێک ، بەوهۆیەوە پشتی شکاوەو، بەڵام بە خۆشبەختانە ڕزگاری بووە."
لەبارەی هێنانەوەی تەرمی قوربانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، سوبحی گلی گوتی، "سوورم لەسەر ئەوەی تەرمەکانیان بهێنمەوە کوردستان، چونکە کوردستان وڵاتی خۆمانە. بەڵام لەبەر رێکاری دەرکردنی وەفاتنامەی ئەڵمانی بۆ پاراستنی مافەکانی ئەو منداڵە ڕزگاربووە لە داهاتوودا، پڕۆسەکە کەمێک کاتی پێویستەو هیوادارم هەفتەی داهاتوو بتوانین بیانهێنینەوە."
لە وەڵامی پرسیاری هاوکارییکردنی لەلایەن هاونیشتمانییانەوە، گوتی، "سوپاسی هاوسۆزیی هەموو خەڵکی کوردستان لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و گەرمیان دەکەم. جەرگم سووتاوە و پێویستم بە هیچ هاوکارییەکی مادی نییە، تەنیا داوام لە هاونیشتمانییان ئەوەیە دوعا بۆ منداڵە ڕزگاربووەکەم بکەن تاوەکو سەلامەت بێت و ببێتە سەبوری بۆم."



.jpg&w=3840&q=75)
