رووداو دیجیتاڵ
شۆکێکی دیکەی کۆچبەری رووی لە ئەورووپا کردووەتەوە؛ لە دوو رۆژی رابردوودا، نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر، لە مەغریبەوە خۆیان گەیاندووەتە هەرێمی سیوتای سەر بە خاکی ئیسپانیا. ئەم رووداوە کەشێکی تووندی سیاسی لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دروستکردووە و، بووەتە هۆی ئەوەی ئیتاڵیا بڕیاری هەڵپەساردنی رێککەوتنامەی شینگن لەگەڵ ئیسپانیادا بدات.
لێشاوێک بەرەو شارێک کە تەنیا 80 هەزار دانیشتووی هەیە
سیوتا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە خاکی ئیسپانیایە و رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی و ئاسایشی بێپێشینە بووەتەوە. زیاتر لە 60 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە پەڕیونەتەوە و هاتوونەتە نێو شارەکە. ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆی دانیشتووانی سیوتا نزیکەی 80 هەزار کەسە و کەمپی کۆچبەرانی ناوچەکە تەنیا توانای لەخۆگرتنی 800 کەسی هەیە.
ئەو کۆچبەرانەی خۆیان گەیاندووەتە سیوتا لە دۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین؛ شوێنی حەوانەوەیان نییە، لەژێر سێبەر و شوێنە گشتییەکاندا دانیشتوون و رووبەڕووی کەمیی ئاوی خوارنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە. سەرەڕای ئەوەی سنووری ناوچەکە بە دیواری بەرزو بە شێوازێکی تۆکمە پارێزراوە، بەڵام سستبوونی رێوشوێنە ئەمنییەکانی سنووری مەغریب و هەروەها بڕیارێکی دادگای باڵای ئیسپانیا، ئاسانکارییان بۆ پەڕینەوەی ئەم لێشاوەی پەناخوازان دروستکردووە.
کاردانەوەی توندی ئیتاڵیا و هەڵپەساردنی شینگن
لەسەر ئاستی ئەورووپا، ئەم رووداوە دابەشبوونی قووڵی لەنێوان حکومەتەکاندا دروستکردووە. ئیتاڵیا کە لەلایەن راستئاژۆکانەوە بەڕێوەدەبرێت، توندترین هەڵوێستی وەرگرتووە و بڕیاریداوە گەشتە ئاسمانی و دەریاییەکان بوەستێنێت و رێککەوتنامەی شینگن لەگەڵ ئیسپانیا بە شێوەیەکی کاتی هەڵبپەسێرێت.
شوان سدیق، رۆژنامەوان لە ئیتاڵیا، لەبارەی هەڵوێستە توندەکەی رۆما بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، کۆمەڵگەی مەغریبی لە ئیتاڵیا سێیەم گەورەترین گرووپی کۆچبەرانە و ژمارەیان نزیکەی 400 هەزار کەس دەبێت. ئیتاڵیا ترسی لەوە هەیە ئەم لێشاوە نوێیەی کۆچبەران لە رێگەی ئیسپانیاوە و بە هۆی کەسوکار و دۆستەکانیانەوە بەرەو ئیتاڵیا بپەڕنەوە. جگە لەوەش، ناکۆکیی سیاسیی قووڵ لەنێوان راستڕەوەکانی دەسەڵاتداری ئیتاڵیا و حکومەتی چەپڕەوی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتی پێدرۆ سانچێز هەیە.
شوان سدیق ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکۆکییەکانی نێوان رۆما و مەدرید تەنیا لەسەر کۆچبەران نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەڵوێستی جیاوازی هەردوو وڵات بەرامبەر بە شەڕی غەززە، یاسای نوێی پەنابەری لە ئەورووپا، و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئیتاڵیاوە هەیە کە تێیدا پارتی دەسەڵاتدار پرسی کۆچبەران وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەهێنێت.



.jpg&w=3840&q=75)
