رووداو دیجیتاڵ
لە پەڕتووکێکی نوێدا بە زمانی ئەڵمانی، چیرۆکی ئەو منداڵە ئێزدییانە دەخرێتەڕوو کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون و بە زۆر کرابوونە چەکدار و خۆکوژ. نووسەری کتێبەکە ئاشکرای دەکات، نزیکەی 1000 منداڵی ئێزدی لەلایەن داعشەوە بۆ مەرامی چەکداری و خۆکوژی بەکارهێندراون.
کتێبەکە لەژێر ناونیشانی "بەچکە شێرەکانی خەلافەت: ئەو منداڵییەی دزرا" لەلایەن نووسەر و رۆژنامەڤان گوهدار قایدی و بە هاوبەشی لەگەڵ نووسەر ئێس ئار سەیدۆ، بە زمانی ئەڵمانی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
گوهدار قایدی، نووسەری کتێبەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هاوکارمان زنار شینۆ رایگەیاند، "چاوپێکەوتنمان لەگەڵ 20 منداڵی رزگاربووی دەستی داعش کردووە، بەڵام لەنێو کتێبەکەدا تەرکیزمان خستووەتە سەر چیرۆکی 7 منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 15 ساڵیدا بوو."
لەنێو چیرۆکی منداڵەکاندا، سەمەرەترین و سەختترینیان چیرۆکی منداڵێک بووە کە داعش مێشکیان شۆردبووەوە و تەنانەت دوای رزگاربوونی لە ساڵی 2019دا سوێندی خوارد تۆڵەی داعش بکاتەوە.
گوهدار قایدی سەبارەت بەو منداڵە دەڵێت، "کاتێک تەمەنی 12 ساڵ بوو، چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرد، دەیگوت: سوێند دەخۆم تۆڵەی داعش بکەمەوە و تەنانەت دژی ئێزدییەکانیش شەڕ بکەم، چونکە بە کافریان دەزانین، سەرەڕای ئەوەی خۆشی دەیزانی بنەچەی ئێزدییە و دایک و باوکیشی لەبەرچاویدا کوژرابوون. جەستەی بە تەواوی شوێنی سووتان و ئەشکەنجەی پێوە دیار بوو."
سەبارەت بە ئاماری گشتی ئەو منداڵانەی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە مێشکیان شۆردراوەتەوە و هێندراونەتە ریزی چەکداران، نووسەری کتێبەکە گوتی، "ژمارەی دروست دیار نییە، بەڵام خەمڵاندنەکان دەریانخستووە نزیکەی 1000 منداڵی ئێزدی لەلایەن داعشەوە زۆریان لێکراوە، خاپێندراون و وەک سەرباز، چەکدار و خۆکوژ بەکارهێندراون."
گوهدار قایدی، لە ساڵی 1986 لە ناحیەی شاریای سەر بە پارێزگای مووسڵ لەدایکبووە، لە ساڵی 1995دا لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچبەر بووە بۆ ئەڵمانیا و زانستی ئیسلامی لە زانکۆی ئازادی بەرلین خوێندووە. ناوبراو یەکێک بووە لە دەستپێشخەرانی سەرەکی بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوهدار قایدی رەخنەی لە حکومەتی ئەڵمانیا گرت کە دوای ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ساڵی 2023، وەک پێویست ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە و گوتی، "کاتێک پەرلەمان لە مانگی 1ی 2023 بڕیارەکەی پەسند کرد، کاتەلۆگێک ئامادەکرا بۆ هاوکاریی ئێزدییەکان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەڵمانیا، بەڵام مەخابن دوای چەند مانگێک پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد و هیچی ئەوتۆ بۆ ناوچەی شنگال نەکرا."
ئەو نووسەرە روونیشی کردەوە، هەوڵێکی زۆریان داوە تاوەکو ئێزدییەکان لە دەوری یەک کۆبکەنەوە، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسی، یەکدەنگییەکە دروست نەبووە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو منداڵە رزگاربووانەی کە لە کتێبەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، قایدی باسی لەوە کرد، "ئەو منداڵانە بەهۆی ئەوەی بۆماوەی چەندین ساڵ لە خوێندن دابڕابوون و پاشەڕۆژی خۆیان لە ناوچەکەیان نەدەبینییەوە، تەنیا ئامانجیان بەجێهێشتنی وڵات و دەربازبوون بوو، لە ئاستی جیهانیشدا وەک پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە."



.jpg&w=3840&q=75)
