رووداو دیجیتاڵ
رۆژ دوای رۆژ گوشاری میدیایی و سیاسی لەسەر فەرهاد کۆچاک، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا زۆرتر دەبن. فەرهاد کۆچاک زنجیرەیەک تۆمەتی لەلایەن میدیای ئەڵمانیاوە دراوەتە پاڵ. ئەم ساڵ زۆرتر لە جارێک ناوی کۆچاک لەنێو میدیای ئەڵمانیدا بە خراپی هاتووە و کاردانەوەی زۆری لە شەقام و نێوەندە سیاسییەکاندا لێکەوتووەتەوە.
تۆمەتەکان کاتێک تووندتر بوون کە چەند میدیایەکی بەناوبانگی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە کۆچاک پەیوەندی بە یەکێک لە گەورەترین ماڵباتە تۆمەتبارەکان بە تاوانکارییەوە هەبووە، بەتایبەتی ماڵباتی (رەمۆ) کە لە بەرلین مشتومڕی زۆر لەسەر چالاکییەکانیان هەیە.
میدیاکان دەڵێن، دەکرێ ئەو پەیوەندییە کاریگەری لەسەر پێگەی سیاسیی ئەو پەرلەمانتارە هەبێت و متمانەی دەنگدەرانی کەمبکاتەوە.
فەرهاد کۆچاک هەموو ئەو تۆمەتانە بە تووندی رەتدەکاتەوە و بە هەڵمەتێکی چەواشەکارانەی دەزانێت. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ماڵباتی (رەمۆ)، ئەو پەرلەمانتارە کوردە بە راشکاوی دەڵێت: "من جارێک ئەوانم بینیوە و دوای بینینەکە زانیومە کێن و چین."
کێشەکانی ئەو پەرلەمانتارە تەنیا بەوەوە نەوەستاون. میدیاکان تۆمەتێکی دیکەیشیان ئاراستە کردووە و دەڵێن بۆ هەندێک شت باجی نەداوەتەوە دەوڵەت.
ئەو جۆرە تۆمەتانە بۆ کەسایەتییەکی سیاسی لە ئەڵمانیا زۆر هەستیارن و دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ژیانی سیاسیی هەبێ، بەتایبەتی کە یاساکانی باج لەو وڵاتەدا زۆر تووندن.




