رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا هەندێکجار وا هەست دەکرێ باسی کورد لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژئاوا و لە میدیاکانیاندا کاڵ دەبێتەوە، خانمێکی کوردی دانیشتووی هۆڵەندا هەوڵ دەدات کوردستان بخاتەوە بەرچاوی ئەورووپاییەکان. بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە، زنجیرە بەڵگەفیلمێک بەناوی (وڵاتی خەونەکان.. کوردستان) لە تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی هۆڵەندا پەخش بکرێ.
مەیل ئەحمەد لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی ئەمجارەدا باسی ئەوە دەکات کە بۆچی ئەو زنجیرە کارەیان کردووە.
ئەو هاونیشتمانییە کە لە هۆڵەندا لەدایکبووە و گەورە بووە، دەڵێ دەیەوێ لەڕێگەی ئەو بەڵگەفیلمانەوە چیرۆکی نەتەوەکەی، خەباتی بەردەوامی و ئەو خەونانەی هەیەتی بۆ سەربەخۆیی و ئازادی، بۆ جیهان بگێڕێتەوە.
مەیل ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەرشیف و وێنەگرتنی ئەو پڕۆژەیە بووە، تاوەکو بەرهەمێکی پرۆفێشناڵ پێشکێشی بینەری ئەورووپی بکات.
ئەو هاونیشتمانییە لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)دا گوتی: "ئەو زنجیرە بەڵگەفیلمە هەوڵێکە بۆئەوەی پێشانی بدەین کە کوردستان تەنیا ناوێک نییە لەسەر نەخشە، بەڵکو وڵاتی خەونەکان و چیرۆکە نەگێڕدراوەکانە."
مەیل پێیوایە زمانی کامێرا باشترین ئامرازە بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکان و دروستکردنی هاوسۆزی لەنێوان گەلان.




