رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا ژمارەیەک هاونیشتمانی رێگەیەکی مۆدێرن و داهێنەرانەیان بۆ پاراستن و پێشخستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دۆزیوەتەوە. ئەوان لە رێگەی دامەزراندنی یانەیەکی وەرزشییەوە بەناوی (رەی کڵەپ)، وەرزش و هونەری کوردییان تێکەڵی یەکدی کردووە، بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هۆشیار دروست بکەن.
ئەو گەنجانە بە راکردنی بەکۆمەڵ بەدەم گۆرانی و میوزیکی کوردییەوە، نەوەک تەنیا تەندروستیی جەستەیی خۆیان دەپارێزن، بەڵکو هەوڵ دەدەن ناسنامە کوردستانییەکەیان لەنێو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بپارێزن.
یانەکە بووەتە جێگەی کۆبوونەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی دەیانەوێ بە شێوازێکی جیاواز خزمەتی کولتووری خۆیان بکەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەهێزتر بکەن.
یەکێک لە ئەندامانی یانەکە بە بەرنامەی دیاسپۆرا دەڵێت: "ئێمە لێرەین بۆئەوەی پیشانی بدەین کوردبوون تەنیا قسەکردن نییە، بەڵکو کردار و مانەوەیە بە زیندوویی. کاتێک بە شەقامەکانی ئەڵمانیادا رادەکەین و گوێ لە میوزیکی کوردی دەگرین، هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەین."



