نرخی زێڕ دوای دابەزینی بۆ خوار 4 هەزار دۆلار گەیشتە بەرزترین نرخی دوو هەفتەی رابردوو. د. ترەیدەر دەڵێت، بەرزبوونەوەکە کاتییە.
رۆژی 05ـی تشرینی دووەمی 2026، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە زیاتر لە 4 هەزار و 120 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لە شرۆڤەی نرخی زێڕ لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ چاوەڕوان نەکراو بوو، بەڵام جووڵەکە کاتییە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاوکاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوە خولی ئەمریکا کە پارتی دیموکرات لە پارتی کۆمارییەکانی بردەوە.
بە گوتەی د. ترەیدەر ئاراستەی نرخی زێڕ نەگۆڕاوە، بۆیە دەبێت خەڵک بە ورییاوە مامەڵە بکەن، چونکە تەنیا گەشبینی رووی لە بازاڕەکان کردووە.
لە ماوەی دوو رۆژدا نرخی زێڕ نزیکەی 200 دۆلار بەرز بووەتەوە، د. ترەیدەر گوتی، " ئەو بەرزبوونەوانە سەیر نییە، چونکە بازاڕ لە شوێنێکدا وەستاوە کە شوێنی خۆی نییە.
پێنجشەممە نرخی زێڕ نزیکەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا؛ ئەمەش بەهۆی پاشەکشەی بەهای دۆلاری ئەمریکی و دابەزینی سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەو وڵاتە دوابەدوای سەرکەوتنی بەرفراوانی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولیدا.
بەهای دۆلاری ئەمریکی رۆژی پێنجشەممە کەمێک دابەزی دوابەدوای سەرکەوتنی گەورەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردندا، کە بەشێکی زۆر لە نادڵنیاییەکانی بازاڕی ڕەواندەوە و بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسە جیهانییەکان، لاوازبوونی دۆلاریش کڕینی زێڕ بۆ خاوەن دراوەکانی دیکە هەرزانتر دەکات.
هاوکات سوودی قەواڵە 10 ساڵییەکانی گەنجینەی ئەمریکا پاشەکشەی کرد و لە سەرەتای مامەڵەکانی تۆکیۆدا گەیشتە 4.87%.
نرخی زیویش بەرز بوووە
هەرچی تایبەتە بە نرخی زیو لە ئێستادا هەر ئۆنسەیەکی بە زیاتر لە 52 دۆلارە، پێشتر د. ترەیدەر پێشنیازی کڕینی کانزاکەی لە 49 دۆلار کردبوو.
سەبارەت کڕینی نرخی زێڕ د. ترەیدەر باسی لەوەکرد، تەنیا چەند سەنتێک زیان بووە و دواتر نرخەکە بەرز بووەتەوە تاوەکو گەیشتووەتە نزیکەی 53 دۆلار.
تەنیا لە ماوەی دووی رۆژی رابردوودا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 6.7٪ بەرزبووەتەوە.



