رووداو - هەولێر
شەڕی ئۆکراینا برسییەتی لە جیهان بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەفریقا دروستکردووە. حەوت وڵاتی پێشکەوتووی جیهان رووسیا بە هۆکارەکەی دەزانن.
ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت: "رووسیا بێ هیچ هۆکارێک ئەم شەڕەی هەڵگیرساندووە و بە ئەنقەست برسییەتی وەک چەکێکی شەڕ بەکاردەهێنێت."
شەڕ، گواستنەوەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ئۆکراینای بۆ بازاڕەکانی جیهان پەکخستووە و کیێڤ رەخنە لە مۆسکۆ دەگرێت و بە هۆکاری ئەو پەکخستنەی ناودەبات، بەڵام رووسیا دەڵێت، هیچ کاتێک رێگری لە هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان نەکردووە بۆئەوەی بەدەریای رەشدا تێپەڕبن.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا گوتی: "قەیرانی خۆراک دوێنێ رووینەداوە. ئەوە ئەنجامی چەندین ساڵ سیاسەتی ئابووریی هەڵەی گرووپی حەوتە. بازاڕی خۆراک بە شێوازیکی زۆر جیدی ناهاوسەنگە."
ئۆکراینا ساڵانە ئەوەندە خۆراک بەرهەمدەهێنێت کە بەشی تێرکردنی 400 ملیۆن کەس لە جیهاندا دەکات. 42٪ـی رۆنی گوڵەبەرۆژەی جیهان، 16٪ـی گەنمەشامی و 9٪ـی گەنمی جیهان لە ئۆکراینا بەرهەم دێت.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات: "ئەو گەمارۆیانەی کە ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەسەر رووسیا سەپاندوومانە، خۆراک و بەرهەمە خۆراکییەکان لەخۆ ناگرێت، هەروەها پەینی کیمیایی و گواستنەوەی کەشتی و بیمەش لەخۆ ناگرێت. کەواتە هیچ هۆکارێک نییە جگە لە رووسیا لەپشت بلۆکەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا."
رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی جیهانی دەڵێت، شەڕی ئۆکراینا دەبێتە هۆکار بۆ برسیبوونی نزیکەی نیو ملیۆن کەسی دیکە لە جیهاندا کە تاوەکو پێش شەڕ ژمارەیان 161 ملیۆن کەس بوو.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)