رووداو
پڕۆژەی لاڤێندەر سیتی لە باکووری پارێزگای هەولێر و لەسەر شەقامی 150 مەتری هەڵکەوتووە، هاوتەریبە لەگەڵ پشتێنەی سەوزایی، بە دیزاینێکی ئەمڕۆیانە و سیستەمێکی زیرەک دەبێتە نیشتمانێک بۆ ئەو کەسانەی بەدوای ژیانێکی ئارام و ژینگەیەکی تەندروستدا دەگەڕێن، لاڤێندەر سیتی لە 920 ڤێلای 220 مەتری پێکهاتووە و بۆ کارەبا پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت.
کامەران عەلی، نوێنەری پڕۆژەی لاڤێندەر سیتی بە رووداوی گوت: "توانیمان ئیڤێنتی سەرکەوتنی بەبازاڕکردنی لاڤێندەر سیتی رابگەیەنین."
چەندین کۆمپانیای خانوبەرە لەم ئیڤێنتەی راگەیاندنی پڕۆژەکە ئامادە بوون و پێشبڕکێیان کرد بۆ بەشداری لە کڕین و فرۆشتنی ڤێلاکان.
ئەحمەد رەمزی، خاوەن پڕۆژەی لاڤێندەر سیتی و بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکە چەند ساڵە مۆڵەتی فەرمی هەیە، بەڵام ئێمە ویستمان هەموو رێکارەکانی تەواو بکەین و بیهێنینە بازاڕەوە، ئێستاش هەموو رێکارە یاساییەکانمان تەواوکردووە"
ئەحمەد رەمزی، سەبارەت بە نرخ و شێوازی فرۆشتنی ڤێلاکان دەڵێت: " هەر ڤێلایەک نرخەکەی 157 هەزار دۆلارە، لەگەڵ واژۆی گرێبەست 70٪ـی پارەکەی تا وەرگرتنی کلیل بە پێنج قیست دەدرێت و 30٪ـی پارەکەش بە ماوەی سێ ساڵ و بە قیستی 500 دۆلاری دەدرێت."
ڤێلاکان لە هۆڵی گەورەی میوان، دوو چێشتخانەی داخرا و کراوە، سێ ژووری نووستن و باخچەیەکی 55 مەتری پێکدێن.
دلۆڤان دلاوەر، ئەندازیار و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای ئێنکیدۆیە کە تایبەتە بە ریکلام و دیزاین و بە رووداوی گوت: "پرۆژەکە وا دیزاینکراوە باخچەی ڤێلاکان تەنیا بۆ ڤێلاکان نەبێت، بەڵکو بەشێک لە شەقامیش بێت و ئەوەش وادەکات کاتێک ئەگە منداڵێک بچێتە قوتابخانە، کەسێک بچێتە مارکێت یا مزگەوت بەناو سەوزاییەکی تەواودا بڕوات، نەک بەسەر شەقامی سەرەکیدا"
بڕیارە پڕۆژەکە بە دوو ساڵ و نیو تەواوبکرێت.

