رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دۆلار، بەرزبووەوە. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاوکاتە لەگەڵ گەشبینیی بەرفراوانی وەبەرهێنەران بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەی 0.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,461 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئاب بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە بۆ 4,487 دۆلار.
تیم وتێرێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای KCM Trade لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هێشتا بەستراوەتەوە بە نرخی نەوت و بەهای دۆلار؛ تەنها کاتێک بەرز دەبێتەوە کە ئەوان پاشەکشە بکەن."
جۆن ویلیامز، سەرۆکی بانکی فیدراڵی نیویۆرک، ئاماژەی بەوە کردووە، پێشبینی ناکات مەترسییەکانی هەڵاوسان کە بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دروست بوون درێژخایەن بن.
مات سیمپسۆن، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای راوێژکاریی StoneX پێشبینی دەکات کە بازاڕی زێڕ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەڵبەز و دابەزی زۆر بەخۆوە ببینێت و نرخەکە بگاتەوە نزیک 5,000 دۆلار.


.jpg&w=3840&q=75)
