رووداو دیجیتاڵ دوای ئەوەی پشکەکانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس بۆ یەکەمجار خرانە بازاڕی بۆرسەوە، ئیلۆن مەسک بووە یەکەمین کەس لە مێژوودا کە سامانەکەی بگاتە تریلیۆنێک دۆلار و ببێتە تریلیۆنێر. لە رابردوودا باوەڕپێنەکراو بوو کەسێک بە تەنیا خاوەنی ئەو جۆرە سامانە زۆرە بێت. پێش رۆژی هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، تەنیا باسی تریلیۆن دۆلار بۆ پێوانەکردنی قەبارەی ئابووریی وڵاتە گەورەکان یان قەرزە زەبەلاحەکانیان بەکاردەهات، هەروەها لەم 10 ساڵەی دواییدا بۆ بەهای کۆمپانیا زۆر گەورەکانی نێو بازاڕی بۆرسە بەکارهاتووە. ئەم ناسناوە نوێیەی مەسک لە کاتێکدایە کە سامانی چینی دەوڵەمەندەکانی جیهان بە خێراییەکی زۆر گەشە دەکات. ساڵ دوای ساڵ ژمارەی ملیاردێرەکان زیاتر دەبن، بەڵام لە بەرامبەردا، رۆژ بە رۆژ خەڵکێکی زیاتر لە جیهاندا توانای دابینکردنی بژێویی ژیانیان قورستر دەبێت. تێگەیشتن لە ژمارەی یەک تریلیۆن بۆ مێشکی مرۆڤ قورسە. یەک تریلیۆن دۆلار واتە هەزار ملیار دۆلار، هەروەها دەکاتە ملیۆنێک جار یەک ملیۆن دۆلار! بۆ ئەوەی باشتر لە گەورەیی ئەم پارەیە تێبگەین، با سەیری ئەم نموونە سادانە بکەین کە بە یەک تریلیۆن دۆلار دەکرێن: زیاتر لە 200 جار گەشتکردن بۆ مانگ و گەڕانەوە ئەگەر یەک تریلیۆن دۆلار بە کاخەزی یەک دۆلاری بخەینە پاڵ یەکدی، درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی 156 ملیۆن کیلۆمەتر. ئەم درێژییە بە ئەندازەی ئەوەیە کە زیاتر لە 200 جار بچیتە سەر مانگ و بگەڕێیتەوە. تەنانەت ئەم مەودایە لەو دوورییەش زیاترە کە لە نێوان زەوی و خۆردایە (کە نزیکەی 150 ملیۆن کیلۆمەترە). 122 دۆلار بۆ هەر مرۆڤێکی سەر زەوی بەپێی نوێترین ئامارەکان، ئێستا نزیکەی 8 ملیار و 200 ملیۆن کەس لەسەر زەوی دەژین. ئەگەر یەک تریلیۆن دۆلار بەسەر تەواوی دانیشتووانی زەویدا دابەش بکرێ، هەر مرۆڤێک کە دەژی نزیکەی 122 دۆلاری بەردەکەوێ. دوو هێندەی ئابووریی باشووری ئەفریقا یەک تریلیۆن دۆلار دەکاتە زیاتر لە دوو هێندەی تەواوی داهاتی ساڵانەی وڵاتی باشووری ئەفریقا؛ ئەو وڵاتەی ئیلۆن مەسکی تێدا لەدایکبووە. ئێستا تەنیا نزیکەی 21 وڵات لە جیهاندا هەن کە قەبارەی ئابوورییەکانیان دەگاتە سەرووی تریلیۆنێک دۆلار. کڕینی دوو ملیۆن و 500 هەزار خانوو لە ئەمریکا تێکڕای نرخی فرۆشتنی خانوو لە ئەمریکا نزیکەی 403 هەزار دۆلارە. بە یەک تریلیۆن دۆلار، دەتوانیت نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار خانوو بەو نرخە لە ئەمریکا بکڕیت. جیاوازیی 700 ملیار دۆلار لەگەڵ دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بەپێی گۆڤاری فۆربس، ئێستا دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان لاری پەیجـە کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای گووگڵ و سامانەکەی نزیکەی 293 ملیار دۆلارە، واتە سامانی مەسک زیاتر لە 700 ملیار دۆلار لەپێش دووەم کەسەوەیە. تەنانەت ئەگەر سامانی چوار دەوڵەمەندەکەی دوای مەسکیش (لاری پەیج، سێرگی برین، جێف بێزۆس و لاری ئێلیسۆن) پێکەوە کۆبکەیتەوە، هێشتا بە زەحمەت دەگاتە یەک تریلیۆن دۆلار. ئەم سامانە زەبەلاحەی مەسک بە خێراییەکی زۆر گەشەی کردووە؛ تەنیا لە ساڵی 2024 سامانەکەی 195 ملیار دۆلار بوو، ساڵی رابردووش گەیشتە 342 ملیار دۆلار، ئێستاش سنووری تریلیۆنێکی بڕی.
ئابووری11-06-2026وەزارەتی نەوتی عێراق: بەهۆی کارنەکردنی کۆمپانیاکان بڕێکی کەم نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت