رووداو دیجیتاڵ نرخی زێڕ بۆ دوو هەفتەی یەک لە دوای یەک رووبەڕووی شەپۆلی دابەزین بووەوە. رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەزۆری بە ناجێگیریی مایەوە لە نێوان 4175 دۆلار و 4245 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ رۆژی هەینی دواجار لە ئاستی 4211 دۆلار داخرا. رۆژی پێنجشەممەش ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوەی لە نرخی زێڕ دروستکرد و نرخی زێڕی لە 4025 دۆلارەوە بەرزکردەوە بۆ سەرووی 4200 دۆلار، بەڵام هێشتا لە ئاستی هەفتانەدا نرخی زێڕ بۆ دوو هەفتەی بەردەوام ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر. دابەزینە گەورەکانی نرخی زێڕ لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی نیگەرانی وەبەرهێنەران روویداوە لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئامارەکانی بازاڕی کار و هەڵاوسان لە ئەمریکا لە دژی ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بوون. ئامارەکان ئاشکرایان کرد، بازاڕی کاری ئەمریکا بەبەهێزی ماوەتەوە و لەکاتێکدا هەڵاوسان بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردوو، ئەوەش رەنگە بانکی ناوەندی ئەمریکا ناچار بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکات. پیتەر گرانت، جێگری سەرۆک و گەورە شرۆڤەکاری کانزاکان سەر بە کۆمپانیای ( زانەر مێتاڵز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێموایە هەڵاوسان بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت... ئێمە پێشتریش ئەم چیرۆکەمان بیستووە و جۆرێک لە گومان لای بازرگانان هەیە کە بەو زووانە نرخەکان نەگەیەنەوە ئاستی پێش جەنگی ئێران." تەنانەت پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێرانیش نرخی زێڕ لە ژێر فشاردا بووە بەهۆی ئەو نیگەرانییەی کە لەسەر بەرزیی رێژەی سوودی بانکی هەبوون. ئێستا بازرگانان بەڕیژەی 57% پێشبینی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لە ئەمریکا دەکەن و ئەوەش بووەتە هۆکار هێشتا لە چەند هەفتەی داهاتوودا نرخی زێڕ لەژێر گوشاری سوودی بانکی لە ئەمریکا بمێنێتەوە.