رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتێکدا بازرگانان چاوەڕوانی ئەنجامی یەکەم کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی دەکەن بە سەرۆکایەتیی کێڤن وارش، سەرۆکی نوێی بانکەکە؛ نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە زیاتر لە 4340 دۆلار، بەڵام پاشان هەندێ لە قازانجەکانی لەدەستدا و ئێستا بە نزیکەی 4330 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 8 بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 4360 دۆلار.
وردەکارییەکانی رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا هێشتا بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئێرانی و ئەمریکی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێگە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدات و ئێرانیش پابەندە بە کردنەوەی تەنگەی هورمز.
ئەوە بووەتە هۆکاری دابەزینی نرخەکانی نەوت بۆ کەمترین ئاستەکانی 3 مانگی رابردوو، کە دەتوانێت دابەزینی هەڵاوسان بەدوای خۆیدا بهێنێت کە لە قازانجی زێڕ تەواو دەبێت.
ئیلیا سپیڤاک، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (تەیستی لایڤ) لەو بارەیەوە دەڵێت، "دابەزینی نرخەکانی نەوت گوشاری بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی کەمکردووەتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، کاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر نرخی زێڕ خەریکە کاڵ دەبێتەوە، بەو هۆیەی کە بازرگانان چاوەڕێی گۆڕانکارییەکان دەکەن لە روانگە و سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 09:00ی شەو بە کاتی هەولێر، لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەنجامی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتیی کێڤن وارش، سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرا دەکات.
پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی نەگۆڕێت و لە ئاستەکانی ئێستا جێگیری بکات.
بەپێی رووپێوەکان، بازرگانان ئێستا چانسی 59% دادەنێن بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی 12دا. بەر لە چەند رۆژ ئەو رێژەیە 70% بوو.
لە ژینگەی سوودی بانکیی بەرزدا، زێڕ ناتوانێت بەرز ببێتەوە.
(وێستپاک) یەکێک لە بانکە گەورەکانی ئوسترالیا لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان دەڵێت، "لە درێژخایەندا ئاراستەی نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیە، بەهۆی خواستی بەرز لە ئاسیا و بەردەوامیی کڕینی کانزای زەرد لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە."




