رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ دابەزی. هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی و چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
بازرگانان هەروەها چاوێکیان لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئێران و ئەمریکایە.
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بە رێژەی زیاتر لە 1٪ دابەزی بۆ نزیکەی 4140 دۆلار.
تیم واتەرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "زێڕ لەم هەفتەیەدا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کەمێک هەناسەی ئاسوودەی هەڵکێشا، بەڵام بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەموو دەستکەوتە کاتییەکانی زێڕی لە نێو بردووە."
واتەرەر دەڵێت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەهۆی چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە روویداوە."
بەهای دۆلار لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بە بەردەوامی لە دژی نرخی زێر کاردەکات.
هەرچەندە زێڕ بە شێوازێکی نەریتی وەک پەناگەیەکی ئارام لە دژی هەڵاوسان چاوی لێدەکرێت، بەڵام لە ژینگەیەکدا کە رێژەی سوودی بانکی تێیدا بەرز بێت، ئەو کاریگەییەی نامێنێت.
ئەمریکا لە رۆژی دووشەممەوە سزاکانی سەر ئێرانی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ هەڵپەسارد. هاوکات دۆخی لوبنان ئارامییەکی پێوەدیارە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە سویسرا بناخەیەکی باشیان بۆ رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی داناوە.
بەپێی رووپێوەکان، ئێستا بازرگانان بە رێژەی 88% چاوەڕوانی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی 12 دەکەن. ئەم رێژەیە تاوەکو هەفتەی رابردوو تەنیا 61% بوو.
وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی داتاکانی خەرجی بەکاربەر دەکەن کە کۆتایی ئەم هەفتەیە بڵاو دەبنەوە. داتاکان دەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندی ئەمریکا دروستبکەن.

