رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی دەڵێ، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کاتییە و هۆکارەکەی تەکنیکییە، بەشێکیشی پەیوەندیی بە سیستمی ئەسیکۆداوە هەیە. ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن بانکی ناوەندیی عێراق بەنیازە بەهای دینار دابەزێنێت و دەڵێت، "هیچ مەترسییەک لەسەر بەهای دیناری عێراقی نییە."
چەند رۆژێکە بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزبووەتەوە. جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی لەبارەی هۆکارەکەیەوە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "تەنیا هۆکارێکی تەکنیکییە،" هۆکارێکی دیکەی ناجێگیریی بازاڕەکە بۆ ئەو "دەنگۆ و پڕوپاگەندانە" دەگەڕێتەوە کە لەلایەن "هەندێ کەسەوە بۆ بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان" بڵاودەکرێنەوە و دەیانەوێ "یاری بە بەهای دۆلارەوە بکەن."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن بانکی ناوەندیی عێراق بەنیازە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێنێت، جەبار گۆران گوتی، "بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دا کە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بە جێگیری دەمێنێتەوە."
بە بڕوای جەبار گۆران، هیچ هۆکار و پاڵنەرێک نییە تاوەکو عێراق بەهای پارەکەی دابەزێنێت، چونکە دابەزاندنی بەهای دراو "متمانەی خەڵک بەو دراوە ناهێڵێت،" کە پاراستنی ئەو متمانەیە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی بانکی ناوەندی.
ئەو شارەزایەی بواری دراو، لێدوانی هەندێک بەرپرس و پەرلەمانتار لەبارەی گۆڕینی نرخی دراو بە "نابەرپرسانە" دەزانێت و دەڵێت، بەپێی ماددەی 103ی دەستووری عێراق و یاسای ژمارە 56ی بانکی ناوەندی، "نە ئەنجوومەنی وەزیران و نە پەرلەمان ناتوانن دەستوەردان لە سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی عێراقدا بکەن."
جەبار گۆران دڵنیایی دەدات و دەڵێت، "بۆچوونم وایە هیچ مەترسییەک لەسەر بەهای دیناری عێراقی نییە. ئەمە جەمپێکە کراوە." ئەو پێشبینی دەکات نرخی دۆلار دابەزێتەوە و دەڵێت، "ئەگەر [نرخی 100 دۆلار] بچێتە 165 هەزار دیناریش، ئەوا دێتەوە سەر 150 هەزار دینار و پێشبینیشی بۆ خوار 150 هەزار دیناریش دەکەم."
ئەم پێشبینییەی بە جێگیریی دۆخی سیاسیی ناوچەکەوە بەستەوە و روونیکردەوە، "ئەگەر دۆخەکە ئاوا بمێنێتەوە، پێموایە بەڵێ، دۆلار دادەبەزێت،" بەڵام ئەگەر جەنگێکی دیکە لە ناوچەکە رووبدات، ئەوکات "ناتوانین بزانین نرخی دۆلار چیی لێدێت."


