رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە 24 کاژێری رابردوو، ئەمڕۆ نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی؛ سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دابەزینی نرخی دینار نرخی کاڵا بەرز دەکاتەوە.
نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار ناجێگیرە؛ لە 24 کاژێری رابردوودا هەر 100 دۆلاری ئەمریکایی گەیشتە 160,000 دینار، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکە بووە 157,000 دینار. مامەڵە بازرگانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بە دۆلارە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی دۆلاردا رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکان دەبێت.
رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2026، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی بووڵتەنیی ئابووریی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ناجێگیریی نرخی دۆلار کاریگەری لەسەر بازاڕەکان دروست دەکات؛ چەند دۆلار بەرز ببێتەوە، کاڵاکان ئەوەندە گران دەبن.
عێراق رێکارە بازرگانییەکانی گۆڕیوە و سیستمی ئەسیکۆدا لە خاڵە گومرگییەکان جێبەجێ دەکات، کە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی خاڵە گومرگییەکانە، بەڵام تاوەکو ئێستا سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان کارا نەبووە.
سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کاریگەریی سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار گوتی: "زۆرێک لە کۆمپانیاکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە دۆلاری بانکی ناوەندی ناگات؛ بەهۆی سیستمی ئەسیکۆداوە ناچارن دۆلار لە بازاڕی ئازاد بکڕن، ئەوەش خواستی لەسەر کڕینی دۆلار زیاتر کردووە."
باسی لەوەش کرد، کاراکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە عێراق بەبێ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، یەکێک بووە لەو رێگرییانەی کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان نەتوانن دەستیان بە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بگات.
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، "رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا لە بەرژەوەندیی هەمووان دەبێت و کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت."
لە 18ی ئەم مانگەدا، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوو بە پرسی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا، لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت تاوەکو چیدیکە ئاستەنگ بۆ بازرگانان دروست نەبێت.



