رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوامی دا بە دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی زیاتر لە 1٪ دابەزی بۆ نزیکەی 4050 دۆلار.
ئەمە کەمترین ئاستی نرخی زێڕە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا.
ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی پێنوێنی دۆلار و ئەوەش زیانی گەورەی لە نرخی زێڕ داوە.
بازرگانانی زێڕ هەروەها چاوێکیان لە پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە ئێران و ئەمریکایە، بەوپێیە ناکۆکی لە نێوان دوو لایەن درووستبووە لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیران رازی بووە بە پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوەو دەڵێن هیچ سازشێکیان لەو بارەیەوە نەکردووە.
ئێران و ئەمریکا هەروەها ناکۆکییان هەیە لە سەر چۆنییەتی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران و ئەوەش مەترسی لەبارچوونی رێککەوتنی ئاشتنی نێوان دوو وڵاتی لێکەوتووەتەوە.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تەیستی لایڤ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەو گوشارەی کە لەسەر نرخی زێڕدا دەیبین کاریگەریی ئەو پەرەسەندنانەیە کە پەیوەستە بە جەنگی ئیرانەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پێشبینی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکرێت کە لە دابەزینی بەهای قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی سوودی سەر ئەو قەواڵانە رەنگی داوەتەوە."
ئیلیا دەڵێت، "بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئیران، نرخی زێڕ 23٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.
زێڕ بە بەردەوامی وەک پەرژێنێک لە دژی هەڵاوسان کاری کردووە، بەڵام لە ژینگەیەکی ئابووریدا کە رێژەی سوودی بانکی بەرزە، ئەو کاریگەرییەی کاڵ دەبێتەوە.
بەپێی رووپێوەکان، تاوەکو پێش هەفتەیەک تەنیا ئەگەری یەکجار بەرزکردنەوەی سوودی بانکی هەبوو، بەڵام ئێستا لە ئەم ساڵدا ئەگەری 3 جار بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئارادایە.
سبەی پێنجشەمە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە کە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێن.
ئیلیا سپیڤاک سەبارت بەو داتایانە دەڵێت، " ئەگەر ئامارەکانی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان پێشان بدەن، بە ئەگەری زۆرەوە، نرخی زێڕ ئاستی 4000 دۆلار دەشکێنێت و دەبێت چاوەڕێی 3800 دۆلار بین. لە دوای ئەوەش دەبێت چاومان لەوە بێت کە ئایا نرخی زێڕ زیاتر دادەبەزێت بۆ ئاستی 3500 دۆلار".



.jpg&w=3840&q=75)