رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو ئێستا، لەسەر یاریکردن بە نرخی دراو 77 تۆمەتبار دەستگیر کراون، هەروەها رێکاری یاسایی بەرامبەر 65 تۆمەتبار گرتوەتەبەر کە دەستکاریی نرخی خۆراکە سەرەکییەکانیان کردووە.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، درەنگی شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لەوەدەکات لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و تەندروستی و پاراستنی هاووڵاتییان لە مانگی موحەڕەمدا، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان.
بە گوتەی لیوا میقداد میری، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو دوێنێ سێشەممە، رێکاری یاسایی بەرامبەر 65 تۆمەتبار گرتوەتەبەر کە دەستکاریی نرخی خۆراکە سەرەکییەکانیان کردووە، هەروەها 77 تۆمەتباری دیکەش کە یارییان بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کردووە، دەستگیر کراون.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان دەستیان بەسەر 34 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گرتووە و رێکاری یاسایییان بەرامبەر تۆمەتباران گرتووەتە بەر، جیا لەوەش 22 تۆمەتبار بەهۆی سەرپێچیی پەیوەست بە لایەنی تەندروستییەوە دەستگیر کراون.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپات لە بەردەوامیی هەڵمەتە چاودێری و پشکنینەکانی دەکاتەوە و دەڵێ، "چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەین کە بیەوێت هاووڵاتییان بقۆزێتەوە یان زیان بە تەندروستی و سەقامگیریی ئابووری بگەیێنێت."


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)