رووداو دیجیتاڵ
نرخى نەوتى خاوى برێنت زیاتر لە سێ دۆلار دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی پێش دەستپێکردنى جەنگى ئێران، ئەمەش پاش دەرکەوتنى ئاماژەکانى زیادبوونى هاتووچۆى کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەى هورمز و کەمبوونەوەى گوشارەکانى سەر تاران.
رۆژی چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، نرخى گرێبەستەکانی نەوتى برێنت 3.36 دۆلار (واتە 4.59%) دابەزی و گەیشتە 69.88 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتى سووکی ئەمریکیش (WTI) بە رێژەى 4.81% دابەزی و گەیشتە 70.13 دۆلار؛ ئەمەش نزمترین ئاستى نرخى نەوتە لە 27ی شوباتى 2026ەوە.
نرخى نەوتى خاوى برێنت، رۆژێک بەر لە هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، 70 دۆلار بوو.
تیم واتەرەر، گەورە شیکەرەوەى بازاڕ لە کۆمپانیاى (KCM Trade) رایگەیاند: "سەرەڕای دەرکەوتنى ئاماژە سەرەتاییەکان بۆ زیادبوونى چالاکیی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، نرخەکان لە بازاڕدا رەنگدانەوەى ئەو پێشبینییانەن کە نەوتى ئێران دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان و دۆخى تەنگەى هورمز ئاسایی دەبێتەوە".
واتەرەر ئاماژەى بەوەش کرد، ئەگەر سزاکان سووک بکرێن، هەناردەى نەوتى ئێران بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، چونکە بڕێکی زۆری نەوت لە کەشتییەکان بار کراوە.
حکومەتى عومان رایگەیاند، تەنگەى هورمز بە رووى هاتووشۆى دەریاوانیدا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و هیچ باجێکی تێپەڕین وەرناگرێت. هەروەها گوتەبێژى رێکخراوى دەریاوانى نێودەوڵەتى (IMO) رایگەیاند، کەشتییەکان دەستیان بە تێپەڕین بە تەنگەکەدا کردووە.
نرخەکان دواى ئەوە زیاتر دابەزین کە واشنتن بۆ ماوەى 60 رۆژ ئێرانی لە هەندێک سزای نەوت بەخشیوە، لەگەڵ کەمبوونەوەى توندوتیژییەکان لە لوبنان.
لە لایەکی دیکەوە، بانکى (J.P. Morgan) پێشبینییەکانى بۆ نرخى نەوت لە نیوەى دووەمى ساڵى 2026 کەمکردەوە و رایگەیاند، تێکڕاى نرخى برێنت لە چارەکى سێیەمدا 86 دۆلار و لە چارەکى کۆتاییدا 80 دۆلار دەبێت.
جەنگی ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوبات دەستیپێکرد، بووە هۆی پەکخستنی تەنگەی هورمز، کە رێڕەوی پێنجەکی نەوتی جیهانە. بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد، هیوایەک بۆ ئاساییبوونەوەی بازاڕەکان دروستبووە.



.jpg&w=3840&q=75)